لە شارستانییەتی گریکی کۆن و قوتابخانەکەی سوقراتەوە بەرەو ڕێنسانس



بانۆ عوسمان عەزیز

بە پشت بەستن بەو زانست و زانیارییانەی لە سەردەمانی قوتابخانەکانی گریکی کۆندا ماوەتەوە، دەوترێ ئەسیناییەکان یەکەم خەڵک بوون کە ئامانجیان لە پەروەردە و فێرکردن ئامادەکردنی تاکەکان بوو بۆ ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا. وەک چۆن قوتابخانەکانیان دەبێتە جێی سەرنج کاتێ لەلایەن ڕۆمییەکانەوە داگیردەکرێن.

وەک هەمیشە، کاتێ دێتە سەر باسی گریکی کۆن، فەلسەفە و میتۆدی قوتابخانە پەروەردەییەکەی سوقرات دێتە سەر زمان؛ کە خزمەتێکی گەورەی بە ئامانج و بەها باڵاکانی پەروەردە و پێداگۆجی ڕۆژئاوایی کردووە. وتارەکانی وەک میراتێک تا ئەم ساتە شوێنپێی لەسەر سیستەمی هاوچەرخ جێهێشتووە.

لە دیدگای سوقراتەوە، پەروەردە تەنها بەدەستهێنانی زانست نییە، وەلێ کلیلی پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەک و بەگەڕخستنی توانای ڕاستەقینەی تاکە. پرسیارکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە.

هاوکات سەرنج خستنەسەر (مۆسیقا) لە دۆخی ئایدیالی خۆیدا لەلایەن سوقراتی فەلیەسوفەوە، وەک باشترین ئامڕاز بە مەبەستی ئیلهام وەرگرتن و خۆشویستنێکی ڕێکوپێک، لە تاکدا ئاماژەی پێدراوە.

لێرەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە سوقرات بناغەداڕێژەری لۆژیکی فێرکردن و ئیتیکە ئەخلاقییەکانی شارستانییەتی کۆن بووە، هەر لەسەر ئەم بنەمایانەش بەردی بناغەی کلتەر و ژیانی مەدەنی لە یۆنان پێکهێنرا.

کەواتە، ئامانجی پەروەردە، لە مەودای نێوان ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە تا سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی و گەیشتن بە شارستانیەتی نوێ، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەرداهاتووە، بە وێنە، لەگەڵ سەرهەڵدان و هاتنە کایەی شۆڕشی ڕێنسانس، کە ڕۆژگاری چێکردنی گۆڕانکاری گەورە و پەڕینەوە بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بەرەو سەردەمی نوێ؛ چەمکی پەروەردە لەڕووی ناوەڕۆک و ئامانجەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت.

ڕێنسانس سەردەمی ڕیفۆڕم، ڕاشیۆنالیزم، لۆژیک و بیری ئازادە، کە تیایدا پێشکەوتنی زانستی، داهێنان و فکر و ئایدۆلۆژیای ئازاد جێی شارستانییەتی کۆن و بنەما نەریتییە ئەخلاقییە باوەکان دەگرێتەوە.

هەنگاونان بوو لە کۆمەڵگایەکی مەشاعیی سەرەتاییەوە بەرەو کۆمەڵگای پیشەسازی و سەرمایەداری، وە هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی.
هاوکات، ڕیفۆرمێک بوو کە تیایدا؛ بناغەکانی ئابووری، سیاسی، زانستیی، هونەری و ژیارە پەروەردەییەکانی ئەوسای ڕۆژئاوای دووبارە داڕژاندەوە، بە جەختکردنە سەر عەقڵ و لێکۆڵینەوەی زانستی، وە بەدیهێنانی تاکێکی ئایدیاڵی ئازاد و ڕۆشنگەر.

سەرەنجام، هەر نەتەوەیەک لە هەر سەردەمێک، بەگوێرەی پێویستییەکانی ئەو سەردەمە چاوەڕوانی لەو تاکانە دەکات کە پێکهێنەری کۆمەڵگان.

هاوکات، بە ئاڕاستەکردنی تاکێکی هۆشیار و داهێنەر، وە بە بنەما گرتنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە گشت کایە و چین و توێژە جیاوازەکاندا، دەشێ بگەین بە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە کۆمەڵگادا.

سودانی: لایەنەکان گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک
پێت سودانی: لایەنەکان گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک
وەزارەتی کارەبا: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەدەین
دوات وەزارەتی کارەبا: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەدەین
پەیوەندیدار