دەستكەوت و ناوەڕۆك … نەك نازناو و ڕواڵەتی بێ ناوەڕۆك



پ. د. سەعید عەلی محەمەد

لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر كەس شانازیی بە نازناوی پیشەیی و ئەكادیمیی خۆیانەوە دەكەن ، بەڵكو پێیان قەبوڵ ناكرێ بە هەر ناوێكی تر بانگ بكرێن ئەگەرچی ئەو ناوەش خۆشەویسترینی ناوی كوڕو منداڵەكانیان بێ ، دەڵێ : بانگم مەكەن بە فڵان ، یان باوکی فڵان …. بانگم کەن بە دکتۆر فڵان ، یان ئەندازیار فڵان ، یان مامۆستا فڵان..!!!

لێرەدا ئێمە مەبەستمان بێ نرخ كردن و سوكایەتی كردن نیە بەو كارو پیشانەی كە خاوەن ئەم نازناوە بەڕێزانە مومارەسەیان دەكەن ، هەروەها ڕەخنە لە كەسانێک ناگرین شانازی بە پیشە و نازناوی خۆیانەوە بكەن ، بەڵكو سەرمان لە هەڵسوكەوت و توڕە بوون و خراپ حاڵی بوون و مامەڵەكردنی كەسانێكە كە نازناو و ڕواڵەت و بڕوانامە كەعبەی موقەددەس و ئامانجی ستراتیژیە لەلایان و قاڵس و بێ تاقەت ئەبن ئەگەر بە پلە زانستیی و نازناوە ئەكادیمیی و ناوبانگە پیشەییەكەی خۆیانەوە بانگ نەكرێن و ناونەبرێن!

دڵنیابن لەوەی بەس تەنها لە كۆمەڵگەكانی ئێمەدا نازناو پیرۆزەو تەقدیس دەكرێ ، لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا ئەوەی تاكەكان دەناسێنێ و ناوبانگیان پێ دەبەخشێ و پێگەیان دیاری دەكات تەنها كارو دەستكەوت و بەرهەم و خزمەت و داهێنانەكانیانە!

ئەڵبەتە ئەم حاڵەتە گشتاندن ناكرێ چونكە ئێمە بڕوامان وایە چەندین وزە و توانای گەورە و بێ سنوور و گەنجانەمان هەیە كە جێی شانازیی ئەم نیشتمانە خۆشەویستەن! من حەز ئەكەم نمونەی ئەستێرەیەکی دیارو كەسایەتیەكی گەورە باس بكەم كە ناوی (دیڤید سیبالد)ـە و خەڵكی ئۆسكۆتلەندایە ، خاوەن چوار بڕوانامەی دكتۆرای فەخریە ، چەندین كۆمپانیای زەبەلاحی لە بواری تەكنۆلۆژیای پەیوەندیدا دامەزراندووە و، زۆربەی ئەو كۆمپانیانەی لە چەندین سەفقەی بازرگانیی گرانبەهادا بە كۆمپانیا عیملاقە جیهانیەكان فرۆشتووەتەوە! ئەم كەسە چەندین ڕێكخراویی مرۆیی خێرخوازیشی بۆ یارمەتی دانی هەژاران لە ئەفریقیادا دامەزراندووە ، ئەمە جگە لەوەی ئەم كەسایەتیە خاوەن پلەی ئەفسەرە بە ئاستی نایاب لە زانكۆی ئیمپراتۆرییەتی بریتانیا!

یەكێك لەوانەی كە لێیەوە نزیكە دەگێڕێتەوە و دەڵێ : كاتێك لە یەكەم چاوپێكەوتنماندا لە ناوەندێك لە ناوەندەكانی توێژینەوە بینیم زۆر بە سادەیی و دوور لە هەموو ماستاوكردن و خۆبەزل زانین و نمایشكردنێكەوە پێی ووتم : مەرحەبا … من دیڤیدم!

ئەو كەسەی كە ئەم چیرۆكە دەگێڕێتەوە دەڵێ : دوای ئەوەی ( دیڤید )م ناسی و ئاگاداری ئەو دەستكەوتانەی بووم كە لە ناوخۆو جیهاندا بەدەستیهێناون ، بەردەوام ئەو پرسیارە بە خەیاڵمدا دەهات کە : بۆ لای ئێمە خەڵك شانازی بە نازناوەكانیانەوە دەكەن و خۆیانی پێ دەگەیەننە ئاسمانەكانی دنیا!!

ئایا كۆمەڵگا هیچ ڕۆڵێكی لەو بارەیەوە هەیە؟!

وەڵام : گومانی تێدا نیە كۆمەڵگا كاریگەریی زۆر گەورەی هەیە ، چونكە مرۆڤەكان هەر لە منداڵیەوە كاتێك ئەو لەقەب و نازناوانە بەر گوێیان دەكەوێ خێرا بە تەقدیس كردنی كۆمەڵگا بۆ ئەو نازناوانە تەڵقین دەكرێن و گۆش دەكرێن! نەك شانازی كردن بە ناوەڕۆك و خزمەت و دەستكەوتەكان بۆ كۆمەڵگە و دەوروبەر! بەڵكو ئەوەی زۆر جێی داخە ئەوەیە : زۆر جار ئەم جۆرە كەسانە كە ئەمە حاڵیانە و تەقدیسی شەكلیات و ڕوواڵەت ئەكەن ، بە زۆری ئەو كەسانەن كە سست و لاواز و ساردو سڕو بێ توانان تەنانەت لەڕاپەڕاندنی ئەو ئەرك و فرمانانەشدا كە لە بوارو پسپۆڕییەكەی خۆیاندا پێیان دەسپێردرێ ، بێ هیچ هەست كردن بە بەرپرسیارێتییەك بەرانبەر ئەو بروانامە و پلە زانستیەی هەڵیانگرتووە و چەپ و ڕاست خۆیانی پێوە با دەدەن!

دوور نیە هەڵکشانی ژمارەی (بڕوانامەو نازناویی ئەکادیمیی ڕواڵەتیی خاڵی لە توانای زانستیی و ئیزافەی مەعریفیی) لەم چەند ساڵانەی دواییدا یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکیەکانی چەکەرە کردن و پەرەسەندنی دیاردەو نەزعەی خۆنمایش کردن وسنگ دەرپەڕاندنی ئەم جۆرە کەسانە!! ئەمەش شتێکی نامۆ نیە لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا کە خەریکە دەبێتە ( کۆمەڵگای ماستەرو دکتۆرا ) و جیهان ئیرەییمان پێ دەبات لە زۆربوون و کەڵەکە بوونی بڕوانامەکانی وڵاتی ئێمە ، خەریکە ئێمە پێش وڵاتی یابان دەدەینەوە لەزۆربوونی ژمارەی هەڵگرانی ماستەرو دکتۆرا لە بوارە جیاوازەکاندا !!

با ئێمە پلە و نازناوە پیشەیی و ئەكادیمیەكانمان بخەینە لاوە و فۆكسمان لەسەر ئەوە بێ : چیمان پێ دەكرێ؟ چی لە تواناماندا هەیە پێشكەشی دەوروبەرو كۆمەڵگا و نیشتمانەكەمانی بكەین!

مەعلومە ئەوەی كە گەورە و ڕێزدارمان دەكات لەلای كەسانی تر  ڕاپەڕاندنی زیرەكانە و دڵسۆزانەی كارەكانمانە نەك ناوو نازناوەكانمان ، عەیبی تێدا نیە خاوەن نازناو بین و شانازی پێوە بكەین ، بەڵام عەیبە و كارەسات ئەوەیە خۆتت لا گەورە بێت و، خۆت لە ئاسمان ببینیتەوە و خەڵكیش لەسەر زەوی ، كارەسات ئەوەیە فەوقییەت بۆ خۆت بڕیار بدەی بێ ئەوەی هیچ دەستكەوت و بەرهەم و كارێكی دڵسۆزانە بۆ خزمەتی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی لە هەگبەكەی تۆدا هەبێ! وڵاتی ئێمە ، كۆمەڵگەی ئێمە ، ژیان و باردۆخی ئێمە ، چاوەڕێی زۆر گەورە لە ئێمە دەكەن ، با قۆڵمان هەڵماڵین و دلسۆزیی لە كارەكانمان و دەستكەوت و چالاكی و خزمەتەكانمان ئێمە بناسێنن و شایەتیمان بۆ بدەن!

سەرنج بدەن… لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكاندا كەسایەتیەكی ئەكادیمیی ناودارو بەناوبانگ پێش ئەوەی دانیشتنە زانستییە پڕ مشت و مڕەكە دەست پێبكات داوای لە هەمووان كرد : نازناو و پلە و لەقەبە زانستیەكانتان لەسەر كاغەزێك بنووسن و بیپێچنەوە ، دوای ئەوەی هەمووان لە نوسین بوونەوە ووتی : با هەمووان ئەو كاغەزە بچوكە پێچراوە فڕێ دەنە سەر زەوی ، ئێنجا نیقاشەكەمان دەست پێ بكەین.

قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان دەکرێتەوە
پێت قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان دەکرێتەوە
بە تۆمەتی دزینی ئارد و عەلەف تۆمەتبارێک دەستگیرکرا
دوات بە تۆمەتی دزینی ئارد و عەلەف تۆمەتبارێک دەستگیرکرا
پەیوەندیدار