بەبیانوی پاراستنی “شەرەف” دۆسییەکانی کوشتنی ژنان بەلاڕێدا دەبرێن



خاڵدار قەواڵی – کەرکوك

فاتم کچێکی تەمەن(21)بیست ویەک ساڵ بوو، دانیشتووی شاری کەرکوك بوو، کچی ماڵەوە بوو تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندبوو و بەهۆی داب ونەریتی کۆمەڵگاوە باوکی ڕێگەی نەدابوو خوێندن تەواو بکات، لەشەوێکی وەرزی بەهاردا بەتۆمەتێکی ناڕاست و هەڵبەستراو بەبیانوی شەرەف لەلایەن باوکییەوە کوژرا.

فاتم وەك چەندین ئافرەتی دیکە بووەتە قوربانی کوشتن بەبیانوی پاراستنی شەرەف، وردەکاریی کوشتنەکەی لەسەر زاری (س،ن،ر) براژنی(فاتم) بەدەست ئێمە گەیشت وتی “بە هۆی ئەوەی دزێک دەچێتە ماڵی (فاتم) و باوکی (فاتم) بەخەبەر دێتەوە و بەهێزی چەک دزەکە ڕادەوەستێنێ و ڕادەستی پۆلیسی دەکات”.

روونیشی کردەوە کە “لە بنکەی پۆلیس دەردەکەوێت دزەکە ناسیاوی ئەفسەری بنکەکەیە، بۆیە ئەفسەرەکە زانیاری تەواو لە باوکی(فاتم)وەردەگرێ وەک ناو ، ناونیشان، ئەندامانی خێزان، ژمارەی منداڵ، کچ و کوڕ و پلانێک بۆ دزەکە دادەنێ کە وتەکەی بگۆڕێت وبڵێت من پەیوەندی سۆزداریم لەگەڵ کچەکەی هەبووە و ئەمشەو بۆ ژووان چومەتە ماڵیان”.

بەگوێرەی قسەکانی (س،ن،ر)  لەدوای داڕشتنی ئەم سیناریۆیە “باوکی(فاتم) دێتەوە ماڵەوە و بە (فاتم)دەڵێ خۆت ئامادەکە دەتبەمە ماڵی خاڵۆت تاکو  کێشەی ئەم سکاڵا و دزە یەکلا دەبێتەوە، چونکە پۆلیسەکان چەند جارێک دێنە ماڵەوە بۆ کاری پێویست (فاتم) زۆر دڵخۆش دەبێت و خێرا خۆی ئامادە دەکات لەگەڵ باوکی دەڕوات هەر ئەو ڕۆشتنە دەبێتە کۆتا ڕۆشتنی (فاتم) کە باوکی بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت و تەرمەکەی فڕێ دەداتە ناو بەنداوی شارۆچکەی (خورماتوو)”.

ئاماژەی بەوەشدا، رۆژی دواتر باوکی فاتم دەچێتە بنکەی پۆلیس و داوا لە دزەکە دەکات و پارەی پێ دەدات بۆ ئەوەی چیدی باسی ئەو بابەتە نەکات، پێشی دەڵێت کە ئەو شەرفی خۆی پاککردووەتەوە بۆیە دۆسییەکە دەکشێنێتەوە، هەرچەند دزەکە دان بەوەدادەنێت کە بۆ دزی چووە و هیچ پەیوەندی بە کچەکەیەوە نەبووە، بەڵام باوکی(فاتم) بڕوای پێناکات و کچەکەی بە ئابڕووبەر دادەنێت”.

دەستەواژەی کوشتنی ژنان جۆرێکە لە توندوتیژی رێکخراو دژ بە ژن، بەمەبەستی ملکەچکردن و بەردەوامیدان بە پەراوێزخستنیان و سڕینەوەی ناسنامەیان.

ئەم دیاردەیە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا هەیە، بەڵام بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەندێك شوێندا بەتایبەت لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپی تێکڕای کوشتن و زیانگەیاندن بە ژنان لە دوای ساڵی 1970 بەسەرەوە دابەزیوە.

ساکار قوربانییەکی دیکەی دەستی کوشتنە بەپاساوی پاراستنی شەڕەف دۆسییەکەی داخراوە، ئەو لە تەمەنی(19) ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ناسیاوێکی خۆیان کردبوو، دوو منداڵی کوڕی هەبوو، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ماڵی خەزووریدا لە یەك خانوو نیشتەجێبوو بەردەوام کیشە وشەڕیان بوو، بەهۆی بەردەوامی کێشەکانەوە ماڵیان جیادەکەنەوە و خانووێك بەکرێ دەگرن و دواتر بە گومانێکی پشتڕاستنەکراوە و بە ئاگاداری هاوسەرەکەی لەلایەن براکانییەوە کوژرا.

دایکی ساکار وردەکاریی زیاتر ئاشکرا کرد و وتی “ماوەی (3)مانگ لە خانووی کرێدا بوو لەو ماوەیەدا هاوسەرەکەی براکانی ساکاری هاندابوو گوایە ژنەکەی پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی دەوڵەمەند هەیە و بەردەوام پێکەوەن و بەڵام ناتوانێ هیچ بکات”.

وتیشی” بەپلانی براکانی و هاوسەرەکەی ڕۆژێکیان ساکار و مێردەکەی دەچنە ماڵی برا گەورەکەی ساکار بۆ نان خواردنێکی ئێوارە  و تا درەنگ پێکەوە دەبن، بەڵام کاتێک دەچنەوە هاوسەرەکەی بە بیانۆی کڕینی جگەرە دەچیتە دووکانێك و ساکاریش چەند هەنگاوێک دوور لە دوکانەکە دەوەستێ و لەوکاتەدا براکانی بە کڵاشنکۆف دەستڕێژی گولەی لێ دەکەن و دەست بەجێ گیان لە دەست دەدات”. بەگوێرەی قسەکانی دایکی “سەرەڕای ئەوەی لە کامێرای چاودێری   تەواوی تاوانەکە دەرکەوتبوو، بەڵام لەژێر ناوی پاککردنەوەی شەرەف دۆسێکە داخرا” .

ئەم دیاردەیە وەك یەکێك لە قێزەوەنترین رەفتارەکانی مرۆڤ دژ بەمرۆڤ کەوایکردووە ژنان بەبەردەوامی هەم لە فەزای گشتی و هەمیش لەناو خێزاندا هەست بەنائارامی بکەن، ئەم دیاردەیە هەرچەندە لەجیه دونیادا بەشێوەیەکی گشتی قەبوڵکراو نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانرێت بنبڕ بکرێت، کارێکە هەروا بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

بەگوێرەی دەستەی تایبەت بە ژن لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێژەی کوشتنی ژنان لە جیهاندا روو لە زیادبوونە، تەنانەت لە راپۆرتێکی ساڵی 2023دا ئاشکرایکردووە کە بەرزترین رێژەی ژنانی کوژراو لەسەر ئاستی جیهاندا لەماوەی ( 20 ) ساڵی رابردوودا لە ساڵی 2022دا تۆمارکراوە، بەهۆی ئەوەی نزیکەی (89) هەزار ژن و کچ لەو ساڵەدا کوژراون، روونیشیکردووەتەوە کە زۆرترین ژمارە لە کیشوەری ئەفەریقادا کوژراون و لەدوای ئەویش کیشوەری ئاسیا دێت.

کوشتن بە تۆمەتی هەڵبەستراو

(ف،س،ی) کچێکی تەمەن (17) ساڵ بووە لە کەرکوک، لە ساڵی 2001 بەدەستی دوو لە براکانی و بە هاوکاری دایکی خنکێنراوە و کەسوکار و دراوسێکانی خەمبارو نیگەران دەکات و تەنها چەند ئافرەتێکی دراوسێیان دەیشۆرن و کفنی دەکەن و ڕاستەوخۆ بە خاک دەسپێردرێت بەبێ ئەوەی نوێژی مردووی لەسەر بکرێت و پرسەی بۆ دابنرێت. ئێستایش دوای تێپەڕبوونی ( 23 )ساڵ بەسەر کوژرانی ئاشکرا بووە کچەکە بێتاوان بووە وبەگوێرەی سەرچاوەیەك لە دادگای کەرکوك کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە داواکاریی گشتی بەنیازە دۆسییەکە بجوڵێنێت و زیندووی بکاتەوە.

بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو رووداوە سەردانی ماڵی قوربانییەکەمان کرد و لەگەڵ (ق،م،ی) قسەمان کرد کە خوشکی کچە کوژراوەکەیە، ئەو ئافرەتێکی باڵا مام ناوەندە و ڕوخسارێکی گەنم ڕەنگ هەیە وهێمن و لەسەرخۆیە، پاش ئەو هەموو ساڵە هێشتا خەمباری خوشکەکەیەتی لەگەڵ هەر وشەیەک فرمێسکی دەباری و لە دۆخێکی زۆرخراپ و بە دەستەکانی گوێکانی توند دەگرد و هەناسەی تەنگ دەبوو و جار جار لە نێوچەوانی خۆی دەدا لە دۆخێکی دەرونی خراپ گوزەران دەکات، چونکە دیمەنی خنکاندنی خوشکەکەی لەبەر چاو ماوە و لە بیری ناچێتەوە لەوباریەوە وتی “ئێوارەیەکیان لەماڵەوە نەخۆشکەوتبووم و لەرز دایگرتبووم لەناو جێگادا کەوتبووم  لەبەر دەنگە دەنگی براکانم خەبەرم بووە، براگەورەکەم هاواری دەکرد هەردوو دەستی توند بگرە تا دەیخنکێنم بەری نەدەی براکەی ترم دەیگوت لەوە زیاتر ناتوانم  سەرم هەڵبری بەبەرچاوی خۆمەوە خنکاندیان”.

هەروەها وتیشی دواتر ” دایکم هاتە ژوورەوە و وتی تەواوتان کرد براکانم وتیان بەڵی، پاش ماوەیەکی کورت دەستی کرد بە هاوار و لە خۆدان تا دراوسێکانمان کۆبوونەوە و وتی کچەکەم نەخۆش بووە مرد، لەو کاتەوە ئیتر نەمدەتوانی هیچ بڵیم و دەترسام منیش بکوژن تا ئەم ساتەش ترسم لەوەیە بمکوژن و زۆربەی کات خەون دەبینم کە بە هەمان شێوە دەمخنکێن”.

باوکی کچەکە کە لە دەیەمی حەوتەمی تەمەنیدایە، پیاوێکی ڕیش سپی و پشت چەماوەیە، دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە وتی،” خودایە تۆ دادپەروەری من دەسەڵاتم نیە و هیچ توانام نیە”.

وتیشی “من لەو کاتەدا بۆ بژێوی ژیانی منداڵەکانم لە گوندێکی ڕۆژئاوای عیراق شوان بووم، پاش دوو ڕۆژ هەواڵیان بۆم نارد کە کچەکم بە نەخۆشی گیانی سپاردووە و باوەڕمکرد، تا خزمێکمان بۆی ئاشکرا کردم کچەکەم لەلایەن براکانی و بەئاگاداری دایکی خنکێنراوە”.

لەدرێژەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی کچەکەیدا دەڵێت ” سەرەتا هاوسەرەکەم ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە، بەڵام کە پێموت ئەو خزمەمان باسی کردووە بێدەنگ بوو دواتر دانینا بەوەی کە کچەکەیان لەلایەن براکانیەوە بەبیانووی پاککردنەوەی شەرەف کوژراوە “.

دواتر باسی لەوە کرد کە “هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو، تەنها ئەوەندە نەبێ لێی جیابوومەوە و حاشام لە کوڕەکانم کرد و داوا لەخوا دەکەم تۆڵەی ئەم تاوانایان لێبکاتەوە”.

یاساناسێك: کوشتنی بەپلان دەچێتە چوارچێوەی کوشتنی بەئەنقەست و سزاکەی لەسێدارەدانە

پەیڕەو یاسین هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسادا و ئاماژە  بەوە دەدات کە  “لە یاسایی سزادانی عیراقی ژمارە(111)ی ساڵی(1969)دا ماددەی(405)دا هاتووە هەرکەسێك بەپلان بکوژرێت دەچێتە چوارچێوەی کوشتنی بە ئەنقەست و سزاکەی لە سێدارەدانە”.

تیشکیشی خستە سەر ئەوەی “بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە کوشتنی ئافرەت نەدراوە، بەڵام لە ماددەی(409)ی یاساکەدا ئاسانکاری کراوە بۆ ئەو کەسانەی لەژێر ناوی پاککردنەوەی(شەرەف) دایک ، خوشک ، هاوسەر و کچیان دەکوژن کە سزاکەی لە(3)سێ ساڵ زیاتر نییە، هەر ئەمەشە وایکردووە “لەهەر بارودۆخێکی کێشەی خیزانی ئافرەتێک بکوژن پاککردنەوەی (شەرەف)ی دەدریتە پاڵ بۆ ئەوەی بکوژ کەمترین سزابدرێت”.

مامۆستایانی ئایینی: کوشتنی ئافرەت رێگەپێدراو نییە

گەیلان مەحەمەد تاڵەبانی، مامۆستایەکی ئاینییە وهەڵگری بروانامەی دکتۆرایە، لەوباریەوە دەڵیت” لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکاندا بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئافرەت بکوژرێت”.

هەروەها دەڵێت” لەقورئانی پیرۆزدا هاتووە ئەگەر تەنانەت بەهۆی زیناکردنیشەوە بێت دەبێ (رەجم) بکرێت ئەگەر لەو حاڵەتەدا نەمرد کەس مافی نییە بیکوژێت، ئەویش دەبێت چوار کەس گەواهی ئەوە بدەن کە زینای کردووە”.

هەر لەمبارەیەوە د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئایینی ئیسلام بەمدواییانە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردەوە، وتی،” “کوشتنی ژن بەبیانووی شەرەف لە ئیسلامدا دروست نییە”.

تا ئێستا بەتەواوەتی ئامارێکی دروستی تایبەت بە رێژە و ژمارەی قوربانیانی کوشتن بەبیانووی شەرەف لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی راگەیەنراوێکی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا، ساڵانە نزیکەی ( 150 )ئافرەت بەو بیانووە دەکوژرێن.

بەڵام چەند داتایەکی فەرمی پۆلیسی کەرکوك دەست ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە کەوتوون تیایاندا ئاشکراکراوە کە لەماوەی ساڵی 2023دا ( 73 ) حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون بەتەنها چوار دۆسییەیان کوشتنی ئافرەت بووە لە لایەن هاوسەر و خانەوادەکەیانەوە و لەوانەش دوو دۆسییەیان ئاشکرا بووە و دراون بە دادگا و دووانەکەی تر بە شاراوەی ماونەتەوە داتاکە ئاماژە بە کەمبوونەوەی کوشتنی ئافرەتان دەکات کە لە ژێر ناوی پاککردنەوەی (شەرەف) کوژراون، لە ساڵی(2024) تا مانگی نیسان (22)حاڵەتی کوشتن تۆمار کراون، لە چوار مانگەدا هیچ ئافرەتێک قوربانی نەبوونە. ئەم داتایە لەسەر دۆسییەی کوشتنی ئافرەت تەنها ئەوانەن کە  ئاشکرا بوونە و سکاڵا تۆمارکراوە.

بەگوێرەی داتاکان رێژەی کوشتن لە سنووری پارێزگای کەرکوکدا ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر بووە، وەك لەم خشتەیەدا دەردەکەوێت:

ژ.م: ساڵ دۆسییەی کوشتن بەگشتی دۆسییەی کوشتنی ئافرەت
1 2024 تاکو مانگی نیسان 22 بیست و دوو هیچ کوشتن تۆمار نەکراوە
2 2023 73 حەفتا و سێ 4 چوار
3 2022 112 سەد و دوازدو 6 شەش
4 2021 112 سەد و دوازدە هیچ کوشتن تۆمار نەکراوە
5 2020 160 سەد و شەست 10 دە
6 2019 189  سەد و هەشتا و نۆ 14 چواردە

 

*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی “رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون”، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.

 

بەرکەوتووانی کیمیاباران جارێکی تر دەبنەوە بە قوربانی ژەهراویبوونی ژینگە
پێت بەرکەوتووانی کیمیاباران جارێکی تر دەبنەوە بە قوربانی ژەهراویبوونی ژینگە
كاتی دابەشكردن و زیادكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان ڕاگەیەنرا
دوات كاتی دابەشكردن و زیادكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدر