پێنج سەدەیە کۆشکی باڵندەکانی عوسمانی جوانییەکەی پاراستووە



ئەو هێلانەی باڵندانەی لە سەدەی ١٦هەمینەوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا لە دیواری ژمارەیەک مزگەوت، مەدرەسە و مەزاردا دروستکراون بۆ ئەوەی ببنە لانەی باڵندەکان، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هێشتا لەلایەن ژمارەیەکی زۆر جۆر باڵندەوە بەکاردەهێندرێن.

ئەم هێلانانە کە لە ڕووی تەلارسازیی و مرۆییەوە وەک بەرهەمی بیرێکی جوانی سەریانهەڵداوە، وەک هێمایەک بۆ ئەو بەزەیی و میهرەبانییەی لە شارستانیيەتی عوسمانیدا بەرامبەر بە گیانداران نیشاندراوە، دەبینرێت.

مێژوونووس و نووسەر، مەهمەت دیلباز لە لێدوانێکیدا باسی لە مێژووی کۆشکی باڵندەکانی عوسمانی، ئامانج لە دروستکردنیان، گرنگییان لە ڕابردووەوە بۆ ئەمڕۆ و کاریگەری ئەم بەرهەمانە لەسەر کۆمەڵگەکانی دیکە کرد.

دیلباز باسی لەوە کرد لە ڕاستییدا کۆشکی باڵندەکانی عوسمانی بەرهەمی نەریت و کلتوورێکن پەیوەستە بە ئیسلامەوە و وتی: “لە بناغەی چیرۆکەکەدا پێویست بە دانەخستنی دەفتەری ئەعمال هەیە، وەک چۆن لە ئایینی ئیسلامدا و لە فەرموودەیەکی بەناوبانگی پێغەمبەردا ئاماژەی پێکراوە، مرۆڤەکان لە پاش مردنیان هەندێک شت هەیە ڕزگاریان دەکات کە بریتین لە زانست، منداڵی ساڵح و کار و بەرهەمێکی جوان لە پاش خۆیان جێیانهێشتبێت”.

هەروەها دیلباز ئاماژەی بەوە کرد لە سەردەمێکدا کە هونەری ئیسلامی تورکیا گەیشتووەتە لووتکە، لە کۆمەڵگەی عوسمانیدا هۆشیاری لەبارەی بەردەوام سوود وەرگرتن گەشەی کردووە و چەندین دامەزراوە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی دروست کراون و وتی: “لە ڕابردوودا چەندین کاری گرنگ کراون بۆ بەخێوکردن و دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئاژەڵانی بێ سەرپەرشت و کۆڵانەکان”.

وتیشی: “کۆمەڵێک گیانداری بێ زمانی هەن، بەتایبەتی لە مانگەکانی زستاندا بیر لە هەندێک هێلانە کراوەتەوە بۆ مانەوەی باڵندەکان، بە تەواوی نازانرێت کەی لە ئیستانبوڵ یەکەم خانووی باڵندە دروست کراوە، چونکە هەمووان ڕۆژانی خراپی ئیستانبوڵ دەزانن کە بوومەلەرزەیەک و دوو ئاگرکەوتنەوەیە، لەبەرئەمە بەداخەوە ئەو خانووانەی باڵندە کە لە دار دروستکراون هیچیان نەگەیشتوونەتە ئەمڕۆ، بەڵام ئەو هێلانانەی لە بەرد و مەڕمەڕ دروستکراون ماون و دەبینرێن، لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانوونیەوە خانووی باڵندەکان لە چەندین شوێنی جیاوازی شارەکە دەبینرێت، لە ڕاستییدا هونەری جوانی عوسمانیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەدیدەکرێت”.

مەهمەت دیلباز ئەوەیشی خستەڕوو کە خانووی باڵندە تەنیا بۆ چێژوەرگرتن لە جوانی دروست نەکراوە و وتی: “دوو سەد ساڵ پێش ئێستا زستان لە ئیستانبوڵ زۆر سەخت و سارد بووە، لە کەشوهەوایەکی وەها سارددا بۆ ماوەی دوو مانگ بەفر هەموو لایەکی دادەپۆشی، تاکە ژینگەیەک کە ئەم باڵندانە بتوانن بچنە ناویەوە و پەنای بۆ بەرن و درێژە بە ژیانیان بدەن خانووی باڵندەکان بوو”

بەهای لیرەی تورکی گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی
پێت بەهای لیرەی تورکی گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی
ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی مووچە و کارەبا و حاجییان کۆدەبێتەوە
دوات ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی مووچە و کارەبا و حاجییان کۆدەبێتەوە
پەیوەندیدار