ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی رایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تاوەکو ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەو،ە و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەکە جەخت لە “تەواوکردنی ئامادەکاریی یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆیدا کراوەتەوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە، سەرۆکی یەکێتی هەڵوەستەی لەسەر پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و ناوچەکە کرد و وتی”ئەمە بەرئەنجامی یەک وتاری و یەکدەستی سەرکردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتییە، کە بووەتە جێگەی ئومێدی میللەتەکەمان و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەکەمان”.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاووڵاتیان، تەنیا لە رێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دێتەدی، کە پەرلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی پتەو و خزمەتگوزار بهێنێتە کایەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تاوەکو ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت.
ڕاگەیەنراوەکە ئەماژە بەوەشدەکات ،” یەکێتی بەسەربەرزی و یەکڕیزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری، یاسایی و نەتەوەییەکانی خۆمان دەکەین”.