دوابەدوای بڕیاری وەزیری دارایی عێراق بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانكە فیدڕاڵییەكانەوە، پەرلەمانتارێكی پارتی لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، نە هەژماری من و نە تەوتینی مووچە سەرناگرێت.
بەپێی نووسراوێكی بانكی ڕەشید، كە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و وەڵامی پەرلەمانتار سۆران عومەری داوەتەوە، هاتووە، “دەست بە پڕۆسەی تەوتین دەكرێت دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر بانكی ڕەشید و ڕافیدەین و دوای ئەوەش تەوتینی مووچە دەستپێدەكەن”.
شوان كەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هەر ڕێكارێك ئەنجام بدرێت بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەركەوتوو نابێت، چونكە بابەتەكە تەنها خەرج كردنی مووچە نییە، ئەی ئەو فەرمانبەرە چۆن متابەعەی دەوامی دەكرێت؟ چۆن پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی بۆ دەبەسترێت؟ یان پەیوەست بوونی فەرمانبەرەكە بە فەرمانگەكەی و یەكەی كارگێڕی فەرمانگەكەیەوە چۆن دەبێت؟
وتیشی، “بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، نە هەژماری من و نە تەوتینی مووچە و نە بانكی ڕافیدەین و ڕەشید سەرناگرێت، چونكە پرسی مووچە پێش ئەوەی پەیوەست بێت بە هەژماری من و تەوتین و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پەیوەستە بە ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقەوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختیشی كردەوە، “ئەگەر هەردوو حكومەت ڕێكنەكەون، وەزارەتی دارایی مووچە نانێرێت بۆ بانكی ڕافیدەین و ڕەشید و ئەوكاتەش ئەو بانكانە بەبێ وەرگرتنی تەمویلی دارایی ناتوانن مووچە بدەن، بۆیە گرنگترین شت بوونی كەشێكی سیاسی گونجاو و ڕێككەوتنە لەنێوان هەردوو حكومەت”.
ڕاشیگەیاند، لەڕووی كردارییەوە ئەو دوو بانكە هیچ لقێكیان لە هەرێمی كوردستان نییە، وتیشی، “گریمان ئەگەر سێ لقیش بكەنەوە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و گریمان هەموو فەرمانبەرانی هەرێم هەژماریان كردەوە لەو بانكانە، چۆن لە هەر شارێك بە یەك لق و باڵەخانەیەك دەتوانێ مووچەی ئەو هەموو مووچەخۆرانە دابەش بكەن؟ ئەگەر بە ماستەر كارد-یش بێت بەپێی ڕێنمایی بانكی ناوەندی بۆ هەر هەزار مووچەخۆرێك ئامێرێكی (ATM) دابنرێت، بۆیە بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار مووچەخۆری هەرێم چەند ئامێری دەوێت و چۆن دادەنرێت و كاتی چەند دەوێت؟”.
شوان كەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، بەدەر لە تێڕوانینی هەر حزبێكی هەرێم، لەڕووی لۆژیكییەوە چۆن بانكێك لە شارێكدا بە یەك لق و لە یەك باڵەخانەدا دەتوانێت مووچەی سەدان هەزار مووچەخۆر لە چەند ڕۆژێكدا بدات؟ بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە ئەوە بەو جۆرە بۆ مووچەخۆران ڕوون بكرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، ئەم پرسە كاتی دەوێت و ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی دەوێت، چونكە بەبێ ڕێككەوتن كێشە بۆ مووچە دروست دەبێت و نموونەشی بەوە هێنایەوە، “ئەگەر ماوەیەكی دیكە حكومەتی عێراق وتی تەواوی داهاتی ناوخۆم دەوێت و هەرێم نەیدا یان نیوەی داهاتەكەی دا، ئەوكات وەزارەتی دارایی عێراق پارە نادات بە بانكی ڕافیدەین و ڕەشید و ئەوانیش مووچە نادەن هەرچەندە مووچەخۆران تەوتینیشیان كردبێت، بۆیە پێش هەموو شتێك ڕێككەوتن گرنگە”.