دوابەدوای ئێران، توركیا بە پشت بەستن بە حساباتی فەلەكی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی دیاری كرد و سعودیە و هەرێمی كوردستانیش ئەم ئێوارەیە بڕیار دەدەن.
سەرۆكایەتی كاروباری ئایینی توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی سێ شەممە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە و ڕۆژی چوار شەممە ( 2024/04/10 ) یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە نووسینگەی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران ڕایگەیاند، سبەینێ ئێوارە، کە دەکاتە سێ شەممە مانگ دەبینرێت، ڕۆژی چوار شەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.
پێشتریش، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاندبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چاودێری بینینی هیلالی مانگی شەوال دەكەن بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ و دوای بەربانگ بە فەرمی بڕیاری ئەوقاف ڕادەگەیەنرێت.