مەسرور بارزانی، دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، گەیشتەوە هەولێر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانێکی فەرمی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەڕایەوە هەولێر.
سەرۆکی حکومەت، لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینە کۆبووەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و دابینکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا تاووتوێ کرد”.