سەرەڕای جیاوازی ناوەندە جیهانییەكانی گەردوونناسی بۆ دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، شارەزایەكی بواری كەشناسی و گەردوونی كورد ڕایدەگەیەنێت، 11ی ئاداری ئەمساڵ دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.
ناوەندی توێژینەوەی خۆر لە پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەکناسی لە میسر ڕایدەگەیەنێت، 11ی ئادار یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەبێت و لای خۆشیەوە، سەنتەری فەلەكناسی نێودەوڵەتی لە سعودیە دەڵێت: “12ی ئادار دەبێتە یەكەم ڕۆژی ڕەمەزانی ئەمساڵ”.
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارزای بواری كەشناسی و گەردوونی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی دوو شەممە بەرواری 11 – 3 – 2024 دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ 30 ڕۆژی پڕ دەبێت.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژی سێ شەممە بەرواری 9 – 4 – 2024 کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە و تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی چوار شەممە بەرواری 10 – 4 – 2024 دەبێتە جەژنی ڕەمەزان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ساڵانە لە كۆتا ڕۆژی مانگی شەعبان-ی كۆچییدا لە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی بە هەرێمی كوردستانیشەوە، لیژنەكانی فەتوا و موسڵمانان چاودێری بینینی مانگ دەكەن و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری كۆتایی لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووی موسڵمانان دەدرێت.