نرخی مریشك بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و بەوتەی شارەزایان، هۆكاری گران بوونی دەگەڕێتەوە بۆ هەناردەكردنی بۆ ناوچەكانی عێراق و هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.
محەمەدی مریشك فرۆش لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی مریشك بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و ئەمڕۆ نرخی یەك كیلۆ مریشكی زیندوو گەیشتۆتە 4 هەزار دینار و ئەمەش دووەمجارە لەم مانگەدا نرخەكەی بەرزدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، بۆ چاككردنی هەر مریشكێك بڕی 1500 دینار وەردەگیرێت و بەوەش نرخی هەر كیلۆیەك زیاتر لە 4 هەزار دەكەوێت بۆ هاووڵاتی.
سەبارەت بە هۆكاری گران بوونی نرخەكەی وتی، “دوو هۆكار هەیە، یەكەمیان هەناردەكردنی لە كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و دووەمیشیان نزیك بوونەوە لە مانگی ڕەمەزان و هاتنی بەهار، كە خواست لەسەری زیادی كردووە”.
لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا نرخی یەك كیلۆ مریشكی زیندوو بە 2 هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام لەسەرەتای ئەم مانگەوە نرخەكەی بۆ سەرووی 3 هەزار دینار بەرزبووەوە و ئێستاش گەیشتۆتە 4 هەزار دینار.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە نرخی گۆشتی سووریش بەرزبۆتەوە بۆ 23 هەزار دینار بۆ یەك كیلۆ و لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش چەند ڕێكارێك ڕاگەیەنراوە تاوەكو كۆنتڕۆڵی نرخەكەی بكرێت.