“قبوڵکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان”



سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانە و قبوڵكردنیشی لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان و مووچە بلاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “بڕیارەكەی دادگای بەغدا لە 21/2/2024 لەسەر مووچە و بودجە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەراوێزەكانی، بڕیارێكی سیاسی و پڕ لە رقوكینە بوو دژ بە هەرێمی كوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم و گەلی كورد و دژی دیموكراسی و مافی كەمایەتی و دەستخستنە ناو دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستانە”.

ڕوونیشیکردەوە کە دادگای فیدراڵی: “پەرلەمانی كوردستانی كەمتر لە دەسەڵاتەكانی مەجلیسی تەشریعییەكەی بەعسی عێراق و مەنتیقەی حوكمی داناوە”.

پێشی وایە کە “هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان خەنجەرێكی ژەهراویە لە پشتی كورد و قەوارەی سیاسی كوردستانی داوە و  هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی پێكهاتەكان سەربڕینی دیموكراتی و مافی كەمایەتییەكانی كوردستانە”.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: “ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە بەغدا، وشكردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێم و پاڕانەوە و دەستپانكردنەوەیە لە بەغدا و بە زەلیلی”.

محەمەدی حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند، “بەهیچ شێوەیە ناونەهێنانی وەزارەتی دارایی هەرێم و هەر فەرمانگەیەكی هەرێم ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانە، بۆیە قبوڵكردنی ئەم بڕیارە ناڕەوایە لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان”.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و خەونەکان!
پێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و خەونەکان!
مامۆستایانی ناڕازی ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن
دوات مامۆستایانی ناڕازی ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن
پەیوەنیدر