کەمێک لەمەوبەر مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بایکۆتیان شکاندووە و سبەینێ دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
ئەمشەو دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانی هەڵەبجە رایانگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و بەڵێنی جێبەجێکردنی بەشێک لە داوکارییەکانمانی داوە لەبەرئەوە بڕیاری شکاندنی بایکۆتمان داوە و لە سبەینێوە دەگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن.
دەشڵێن: چاودێری وردی بەڵێنەکانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەئەگەری جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان دەگەڕێینەوە سەرشەقام و دووبارە دریژە بە بایکۆت دەدەین
شکاندنی بایکۆت لە لایەن مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجەوە دوای ئەوە دەێت کە ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کۆبووە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق، پلەی مامۆستایانی شایستە بەرزدەکرێتەوە و وانەبێژانیش دەکرێنە گرێبەست.
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣، پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە هەریەکە لەپارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزنەکردنەوەی مامۆستایان، بایکۆتی پرۆسەی خوێندن کرا ولە زۆربەی خوێندگاکانی ئەو سنوورە خوێندن دەسیپێنەکردووە، ئەمڕۆش دوای زیاتر لە پێنج مانگ بڕیاریاندا بایکۆت بشکێن و رایانگەیاند سبەی دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.