بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور لە ئێستادا دەگەرێتەوە بۆ تەماحی بازرگانەکان و بەرزبونەوەی نرخی ئالیکی ئاژەڵ و دەشڵێت: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر گۆلک هاوردەی عێراق کراون و کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی گۆشتی سوور دەبێت”.
سامر حەبیب، بەرێوەبەری گشتی بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لە ناوخۆی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ تەماحی بازرگانەکان لەلایەک، هۆکارێکی دیکەش بەرزبونەوەی نرخی ئالیکی ئاژەڵە.
ڕاشیگەیاندووە، نرخی گۆشتی هاوردە بەهۆی دۆخی جیهانییەوە بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو زیادی کردووە، چونکە بۆتە هۆی کەمبونەوەی هاوردەی ئاژەڵ.
وتیشی، “بەپێی ئەو پلانانەی دایانڕشتووە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕێکی زۆری گۆلک هاوردەی عێراق کراوە و ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە ماوەی داهاتوودا و هاوكات ژمارەیەك ڕەزامەندی نوێ دراوە بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی دیكە”..
سامر حەبیب داواشی لە بازرگانان و وەبەرهێنەران کرد، “سەبارەت بە نرخەکان ئاگاداری دۆخی هاووڵاتیان بن، بەتایبەتی، کە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز نزیک دەبینەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی بازرگانی عێراق-یش بڕیاریداوە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لەڕێگەی بنكەكانی فرۆشتن و تیمە گەڕۆكەكانەوە دەست بكات بە هەڵمەتی فرۆشتنی گۆشت و مریشك و هێلكە و دۆشاوی تەماتە بە نرخی حكومی و هەرزان و لە ڕەمەزانیشدا بەردەوام دەبێت.
سەرەڕای گران بوونی نرخی گۆشت لە ساڵی رابردووەوە لە بازاڕەكانی هەرێم بۆ نزیكەی 20 هەزار دینار بۆ یەك كیلۆ، ماوەی دوو ڕۆژە لەگەڵ نزیك بوونەوەی بەهار و مانگی ڕەمەزان دووبارە نرخەكەی گران بووە و ئەمڕۆ نرخی یەك كیلۆ گەیشتۆتە 23 هەزار دینار.