کەمێک لەمەوبەر سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک کشانەوە کە گەڕەکێکی کوردنشینە و ئێوارەی ئەمڕۆ ئاڵۆزی تێدا دروست بوو.
لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆز نامێننەوە و پاشەکشە دەکەن، ئەو کێشەیەش بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەر دەکرێت،
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە لایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر کرابوون ئازاد کران،
ڕاشیگەیاند، خانووەکان لەسەر موڵکی وەزارەتی بەرگرین و ناکرێت مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە خانووەکانەوە بکرێت، هەر ئەمەشە هۆکاری دروستبوونی کێشەکان و دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای عێراق بە چەند هەمەرێکی سەربازییەوە، چوونە ناو گەرەکی نەورۆز لە کەرکوک، کە گەڕەکێکی کوردنشینە و هەوڵی چۆڵکردنی گەڕەکەکایان دا، بەڵام هاووڵاتیان گردبوونەوە و لە ئاکامدا ئاڵۆزی دروستبوو، کەمێک پێش ئێستاش بە فەرمانێک سوپا کشایەوە و پۆلیسی کەرکوک لە شوێنەکەدا مانەوە.