سەرلەنوێ شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بۆ بەغدا و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەڵێت بەم نزیکانە مووچەی مانگی نۆ دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گفتوگۆیەکی گشتگیریان سەبارەت بە بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ بەغدادا هەیە و بە ئاڕاستەیەکی باشیشدا دەڕۆن.
ئەوەشی خستەڕوو کە دەرگای گفتوگۆی باش لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن دەچێتەوە بۆ بەغدا.
سەبارەت بە پرسی مووچەش سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند ڕێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو بوون و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
ڕوونیشکردەوە کە دەربارەی مووچەی سێ مانگەکەی دیکەش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ناردووە.
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا مووچەی مانگی نۆ دابەش نەکراوە، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ش بە نادیاری ماونەتەوە، چونکە ڕێككەوتنی ناردنی قەرزە 700 ملیار دینارییەکە تەنها بۆ مانگەکانی 7 و 8 و 9 بوون.
دوێنێش پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارە لەم چەند ڕۆژە 700 ملیارەکە بگات، لەگەڵ گەیشتنی دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکەین.