وەزیری نەوتی عێراق دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات



وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیادا لە لێکگەیشتندان بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی سەردانەکەشی بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ئامانجی سەردانەکەی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەت هاتووین بۆ هەولێر کە پارێزگای خۆمانە، بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

ئاماژەشیدا بە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسای بودجە دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنیت.

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر کرێی بەرهەمهێنان ڕێکدەکەون.

حەیان عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند، لەگەڵ تورکیادا لە لێکگەیشتندان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

لایخۆشیەوە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕوونیکردەوە کە گرفتی سەرەکیان بریتییە لە کرێی و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کە عێراق بڕی شەش دۆلاری داناوە و وتیشی: ئەو نرخە لەگەڵ سروشتی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا ناگونجێت.

پێشتر پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕیاگەیاندبوو، ئەم سەردانە لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێم و عێراق بووە و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن.

ڕوونیشیکردەوە کە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە.

سەردانەکە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە هەشت مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و سەربارەی ئەوەی چەند جارێك تورکیا جەختیکردووەتەوە لەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان گرفتی نەماوە، بەڵام تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە.

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ڕەخنە لە سیاسەتی واشنتۆن دەگرێت
پێت ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ڕەخنە لە سیاسەتی واشنتۆن دەگرێت
ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا: ملکەچی فشارەکان مەبن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست
دوات ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا: ملکەچی فشارەکان مەبن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست
پەیوەندیدار