دوابەدوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام لە هەفتەی داهاتووەوە، مامۆستایانی ناڕازی ڕەتی دەكەنەوە بایكۆت بشكێنن و مامۆستایەك دەڵێت: ” هەموو پێکەوە بۆ داواکردنی مافە زەوتکراوەکانمان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست دەبین”.
ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی ئەمڕۆ ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، ” لەڕوانگەی خەمخۆری بۆ ئایندەی ٢٣ هەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی و هەڵپەساردنی ساڵی ساڵی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) سەرجەم خوێندکاران ئاگادار دەکاتەوە کە هەفتەی داهاتوو پرۆسەی خوێندن دەستپێ دەکاتەوە”.
لای خۆشیەوە، مامۆستا گوڵان محمد، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی لە نووسینێكدا بەناونیشانی “بـەڵــێ بۆ بەردەوامی بایکۆت لەزانکۆ و پەیمانگاکان” لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، داوا لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەم بەهیچ جۆرێک بەبێ گەڕانەوەی شایستە داراییەکانمان و وەرگرتنی موچەی مانگی (٨ +٩ ) و جێبەجێ کردنی داوا ڕەواکانمان بایکۆت نەشکێنن و نەگەڕێنەوە بۆ دەوامێکی بێ مووچە و بێ ئیمتیاز.
دەشڵێت: “ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە، هیوادارم هیچ مامۆستا و فەرمانبەرێک پابەندی دەوام نەبێت و خوێندکارانیش بەبێ دابین کردنی دەرماڵەکانیان و سەرجەم پێداویستیەکانی تاقیگە و بەشە ناوخۆییەکانیان نەگەڕێنەوە بۆ دەوام”.
ئەو مامۆستایە نووسیویەتی، “هەموو پێکەوە بۆ داواکردنی مافە زەوتکراوەکانمان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست دەبین لەگەڵ سەرجەم دەنگە ناڕازی و خاوەن هەڵوێستەکانی چین و توێژەکانی دیکە دژی زوڵم و ستەم هەڵوێست وەردەگرین بۆ گەیشتن بەئامانجی بایکۆت و بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان”.
جەختیشی كردۆتەوە، “تــکایە پشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانتان بەرمەدەن و هاوهەڵوێستمان بن بۆ کۆتایی هاتن بەزوڵم و ستەم . ماف دەسەندرێ نادرێ “.