یەکێكی دیکە لەو هاووڵاتییانەی لە کاتی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی کەرکوك برینداربوو، گیانی لەدەستدا.
ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی کەرکوك گیانیان لەدەستدا بۆ چوار کەس بەرزبووەوە، ئەویش دوای ئەوەی هاووڵاتییەك بەناوی حسێن سابیر (49 ساڵ) بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
خۆپیشاندانەکە دژی گرتنی ڕێگەی کەرکوك-هەولێر ئەنجام درا کە نزیکەی هەفتەیەك بوو ژمارەیەك عەرەب و تورکمانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی ڕێگەکەیان داخستبوو.
درەنگانی شەوی ڕابردوو بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و عەرەب و تورکمانەکانیش لە ڕێگەکە کشانەوە، بەوەش ئەمڕۆ یەکشەممە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ کۆتایی هات و ڕێگەکەش کرایەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکوك لەگەڵ هەر 13 پەرلەمانتارەکەی پارێزگاکە کۆبێتەوە.