بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر منداڵان، قەشەیەک دادگایی دەکرێت



بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر دەیان منداڵ لە فەڕەنسا قەشەیەک دادگایی دەکرێت

 

لە فەڕەنسا بڕیاردرا بە دادگایی کردنی قەشە پیێر مایڵارد کە تۆمەتبارکراوە بە گێچەڵی سێکسی بۆ سەر نزیکەی ٣٠ کەس، کە زۆربەیان منداڵن.

 

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ٢٠ مینیتسی فەڕەنسی، قەشە پیێر مایڵارد کە سەربە برایەتی قەشەیی Saint-Pie X-ە لەسەر داوای داواکاری گشتی سبەی لە دادگای سزا قورسەکانی ڤاندێ دادگایی دەکرێت.

 

تاوانی “گێچەڵی سێکسی بۆسەر نزیکەی ٣٠ منداڵ و گەنج کە ١١یان کچن” ئاراستەی مایڵارد دەکرێت.

 

دوای بڵاوبوونەوەی دوو سكاڵای تاوانکاریی دیکە، مایڵارد رووبەڕووی چەندین سکاڵای دیکەی هاوشێوە ببووەوە.

 

مایڵارد ، لەسەر ئەو سکاڵایانە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکرابوو، باس لەوەش دەکرێت کە چەندین منداڵی یەک خێزان لە نێو قوربانییانی گێچەڵی سێکسی دان.

 

قەشەکان، ئەوەیان قبوڵ کردووە کە گێچەڵی سێکسی لە کڵێساکاندا بووەتە “دیاردەیەکی سیستەماتیکی”.

 

لیژنەی سەربەخۆی گێچەڵی سێکسی لە کڵێساکان (CIASE) کە ناوەندەکەی لە فەڕەنسایە، لەو راپۆرتەی کە لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاویکردەوە ئەوەی ئاشکراکرد، کە لە وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٥٠وە بۆ ئێستا ٢١٦ هەزار منداڵ لە کڵێساکاندا رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە.

 

لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، لەگەڵ زیادبوونی رووداوەکانی گێچەڵی سێکسی لەلایەن کارمەندانی خوێندگە تایبەتەکان و دامەزراوەکانی سەربە کلێسای کاسۆلیکی ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ٣٣٠ هەزار حاڵەت و ئەوەش خراوەتەڕوو کە گێچەڵی سێکسی لە کڵێساکاندا بووەتە “دیاردەیەکی سستەماتیکی”.

 

سەرۆکی لیژنەی سەربەخۆی گێچەڵی سێکسی لە کڵێساکان (CIASE)، جیان-مارک ساڤو لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە لە کڵێسا کاسۆلیکییەکان رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی گێچەڵی سێکسی نەگیراوەتەبەر و داوایکرد کە بەرپرسیارێتی ئەم کارە دەبێت هەڵبگرێت.

حزبە تورکمانەکان؛ لەگەڵ پارتی لەسەر زۆر بابەت هاوڕابووین
پێشت حزبە تورکمانەکان؛ لەگەڵ پارتی لەسەر زۆر بابەت هاوڕابووین
ئه‌مریكا پاكێجێكی نوێی هاوكاریی سه‌ربازیی رەوانەی ئۆكراینا ده‌كات
دواتر ئه‌مریكا پاكێجێكی نوێی هاوكاریی سه‌ربازیی رەوانەی ئۆكراینا ده‌كات
پەیوەندیدار