پسپۆڕێكی زانستی خۆراك ڕایدەگەیەنێت ، زۆربەی ڤیتامین و كانزاكان ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە بۆ گەشەكردنی كۆرپەلە لە كاتی سكپڕی و تەندروستی منداڵ .
د.كامەران رسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك دەڵێت،” زۆربەی ڤیتامین و كانزاكان ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە، بۆ گەشەكردنی كۆرپەلە لە كاتی سكپڕی و تەندروستی منداڵ دوای لە دایكبوون و هەموو تەمەنی لەگەڵ پارێزگاری لە تەندروستی دایكان”.
گرنگترین ڤیتامین و كانزاكان بۆ خانمان كاتی سكپڕی و ی ئەمانەن :
۱ ـــ كالسێوم :
بۆ بەهێز كردنی ئێسقان و ددان و مەینی خوێن و پێك هێنانی ماسولكە و كاری دەمار و مێشك
سەرچاوە خۆراكیەكان :
شیر و بەرهەمەكانی و ماسی سەلمۆن و تونەی سوور ( نابێت دوو جار زیاتر لە هەفتەدا بخورێت ) و سەوزە گەڵا تۆخەكان وێنەی برۆكلی و سپێناخ و كەلەرم و پاقلەمەنیەكان ۰
۲ ـــ ئاسن :
بۆ دروست كردنی خرۆكە سوورەكان و خۆپاراستن و چارەسەری كەم خوێنی و ڕێگری لە هەوكردن : سەرچاوە خۆراكیەكان : جگەر و گۆشت و قارچك و پاقلەمەنیەكان و سەوزە گەڵا تۆخەكان وێنەی برۆكلی و سپێناخ و كەلەرم ۰
۳ ـــ فۆلێك ئەسید :
بۆ دروست كردنی پڕۆتین و خوێن و هێمۆگڵۆین و گەشەی خانەكان و ئەركەكانی لەش و پێك هێنانی ناوكی خانەكان ( DNA ) ، سەرچاوە خۆراكیەكان : جگەر و هێلكە و میوە و سەوزە و شەربەتی پڕتەقاڵ و پاقلەمەنیەكان و چەرەس و دانەوێڵە تەواوەكان۰
٤ ـــ زنك :
بۆ دروست كردنی ئەنسۆلین و پڕۆتین و ( DNA) ، سەرچاوە خۆراكیەكان : گۆشت و جگەر و هێلكە و دانەوێڵە تەواوەكان۰
٥ ـــ یۆد :
بۆ هۆرمۆنی غودەی دەرقی دایك و كۆرپە و كاری خانەكانی لەش ، سەرچاوە خۆراكیەكان : ماسی دەریا و خوێی یۆداوی ۰
٦ ـــ ڤیتامین B1:
بۆ كاری دەمار و مێشك و هەرەس كردنی كاربۆهێدرات ، سەرچاوە خۆراكیەكان : ماسی و گۆشت و مریشك و پەلەوەر و نانی ئاردی بۆر و شیر ۰
۷ ـــ ڤیتامین B2:
بۆ بەرهەم هێنانی وزە لە ناو خانەكان و پاراستنی تەندروستی پێست و چاو ، سەرچاوە خۆراكیەكان : جگەر و سەوزە گەڵا تۆخەكان و دانەوێڵە تەواوەكان ۰
۸ ـــ ڤیتامین B3:
بۆ پاراستنی تەندروستی دەمار و پێست و گرنگە بۆ هەرسكردنی خواردن و بەكارهێنانی كاربۆهێدرات ، سەرچاوە خۆراكیەكان : گۆشت و جگەر و سەوزە گەڵا تۆخەكان و دانەوێڵە تەواوەكان ۰
۹ ـــ ڤیتامین B 6:
بۆ دروست كردنی خرۆكە سوورەكان و و بەكارهێنانی كاربۆهێدرات و چەوری و ( DNA) ، سەرچاوە خۆراكیەكان : گۆشت و زەردێنەی هێلكە و مۆز و پاقلەمەنیەكان و دانەوێڵە تەواوەكان ۰
۱۰ ـــ ڤیتامین B12 : بۆ دروست كردنی خوێن و پاراستنی تەندروستی دەمار ، سەرچاوە خۆراكیەكان :ماسی و گۆشت و مریشك و پەلەوەر و شیر ۰
۱۱ ـــ ڤیتامین D :
بۆ بەكارهێنانی كالسێوم و بەهێز كردنی ئێسقان و ددان ، سەرچاوە خۆراكیەكان : سەرچاوەی سەرەكی تیشكی خۆر لە نێوان سەعات ( 10 بۆ 4 ) بۆ ماوەی سەعاتێك ڕۆژانە و ماسی سەلمۆن و تونەی سوور و زەیتی نەهەنگ۰
۱۲ ـــ ڤیتامین C :
بۆ بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری و زووسارێژ بوونی برین و بەهێز بوونی خانە و هەڵمەژینی ڤیتامین دی و ئاسن و كالسێوم و فۆلیك ئەسید ، سەرچاوە خۆراكیەكان : میوە مزرەمەنیەكان و شلیك و كاڵەك و بیبەری سەوز ۰
۱۳ ـــ ڤیتامین E :
بۆ ڕێگری لە كەم خوێنی لە مناڵی ناكام و ماددەی دژە ئۆكسانە ، سەرچاوە خۆراكیەكان : زەیتی زەییتون و گوڵەبەرۆژە و چەرەس و سەوزە گەڵا تۆخەكان و دانەوێڵە تەواوەكان ۰
۱٤ ـــ ڤیتامین A :
بۆ گەشەی خانەكان و ئێسقان و ددان ، سەرچاوە خۆراكیەكان : میوەی ڕەنگ زەرد و سەوزەی ڕەنگ زەرد ( نابێت زۆری لێ بخورێت بە تایبەت لە سێ مانگی یەكەمی سكپڕی) ۰
۱٥ ـــ مەگنسێوم :
بۆ كاری دەمار و مێشك و ماسولكە و هەرەس كردنی كاربۆهێدرات ، سەرچاوە خۆراكیەكان : پاقلەمەنیەكان و سەوزە و شیر و گۆشت و دانەوێڵە تەواوەكان ۰
۱٦ ـــ پۆتاسێوم :
بۆ كاری ماسولكە و ڕاگرتنی هاوسەنگی شلەمەنی لە ناو لەش دا ، سەرچاوە خۆراكیەكان : مۆز و هەڵوژە و ماست و مێوژ ۰