چوالەی سەوز یەكێكە لە بەرهەمە ڕووەكییەكانی سەرەتای وەرزی بەهار، كە تام و چێژێكی تایبەتی خۆی هەیە لای گەلی كورد لە هەمان كات بە جۆرێك لە خۆراكە بە سوودەكان دادەنرێت بۆ تەندروستی مرۆڤ .
د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك ڕایگەیاند، چوالەی سەوز بەهایەكی خۆراكی گرنگی هەیە و دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵی ومادەی دژەئۆكسان و چەوریە سوود بەخشەكان و هەموو جۆرەكانی پڕۆتین ڤیتامینەكانی وەك (B بە تایبەت B6) ، (E) و مەگنسێوم و كانزەكانی تری وەك مس و پۆتاسێوم ، فسڤۆڕ ، ئاسن ، كالسێوم .
گرنگترین سوودەكانی چوالەی سەوز ئەمانەن :
۱ ـــ پاراستنی كێشی لەش و ڕێگە گرتن لە قەڵەوەیی و یارمەتی دابەزینی كێش ئەدات لە كاتی ڕێجیم دا.
۲ ـــ یارمەتی دابەزینی كولیستڕۆڵی خراپ لە خوێن دا بە ڕێژەی ( % 12) .
۳ ـــ یارمەتی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاستی شەكرە لە خوێن دا و ڕێگەگرتن لە تووش بوون بە نەخۆشی شەكرە .
٤ ـــ خۆپاراستن لە جەڵتەی دڵ و مێشك و نەخۆشی تەسك بوونەوەی خوێنبەرەكان.
٥ ـــ پاریزگاری لە تەندروستی دڵ و مێشك و بەهێزكردنیان.
٦ ـــ ڕێگری كردن لە دروست بوونی بەردی زراو لەگەڵ یارمەتی دانی پاك بوونەوەی جگەر و لەش لە ماددە ژەهراویەكان .
۷ ـــ خۆپاراستن لە نەخۆشی نەرم بوونەوەی ئێسك و چەندین جۆری شێرپەنجە.
۸ ـــ نەهێشتنی قەبزی و هەندێ میكرۆبی ناو كۆئەندامی میز و میزەڕۆ .
۹ ــ ڕێگری كردن لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و بەهێزكردنی یادەوەری.
۱۰ ـــ بەهێزكردنی مووەكانی قژ و پاراستن لە سپی بوون و هەڵوەرینی قژ .
۱۱ ــ پاراستنی تەندروستی پێست و گەش بوونەوەی و نەهێشتنی چرچ و لۆچ و خاڵ و زیپكە و سیسی دەم و چاو.
باشترە ڕۆژانە نزیكەی ( ۳۰ ــ ۳٥ دەنكی ) لێ بخورێت لە نێوان ژەمەكان.
زیانەكانی زۆر خواردنی چوالەی سەوز :
۱ـــ زیاتر كردنی كاریگەری لاوەكی هەندێ دەرمانی زەغەت و دڵەكزێ و دەرمانی دژەمەینی خوێن.
۲ ـــ هەست كردن بە تەمەڵی.
۳ ـــ ئاوسانی سك و زیادكردنی غازات .