ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕاپۆرتێكی وردی لەسەر هۆكارەكانی قەیرانی دۆلار لە عێراق و چۆنیەتی هەڵسوكەوتی ئەمریكا لەگەڵ دراوی نیشتمانی و كێ زۆرترین سوود لە كارەكانی قاچاخچێتی دۆلار وەردەگرێت بڵاوكردەوە.
ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، زیاتر لە دە ساڵە سیاسەتمەدارانی عێراق دەستڕاگەیشتنیان بە دۆلاری ئەمریكی بە خراپی بەكارهێناوە بۆ دزیكردن لە گەلەكەیان و لەگەڵ سووپای پاسدارانی ئێران، بۆ دەربازبوون لە گەمارۆكانی ئەمریكا دابینكردنی بوودجەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و تیرۆر و دەستدرێژی ناوچەیی.
ڕۆژنامەكە دەڵێت، تا كاتێك عێراق سەركوتی ئەو چالاكییانە نەكات، واشنتۆن هەر جۆرە هاوبەشییەك ڕەتدەكاتەوە.
ڕۆژنامە ئەمریكییەكە ئەوەشی وتووە، قەیرانی دۆلار لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێكرد، دوای ئەوەی ئەمریكا وردبینی زیاتری بەسەر ئەو مامەڵە دەرەكیانەدا سەپاند كە لەلایەن بانكە عێراقییەكانەوە دەدران بۆ سپیكردنەوە و بردنە دەرەوەی پارە، بە جۆرێك ٨٠%ی ئەو مامەڵانەی كە لەلایەن دەستەی یەدەگەوە پێداچوونەوەیان بۆ كراوە ڕەتكراونەتەوە بەهۆی ترسی بردنی پارە بۆ ئێران، ئەمەش دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری عێراقی زۆر بەرتەسك كرد و بووە هۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای دینار.
(خستنەڕووی دۆلار) پڕۆسەیەكە لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە بانكە عێراقییەكان بدات دەستیان بە دۆلار بگات.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە “ئەو دۆلارانە لە بانكی فیدراڵی لە نیویۆركەوە دەخرێنە سەر هەژماری بانكیی عێراق كە لە ڕێگەیەوە داهاتە گەورەكانی نەوت ئاراستەی عێراق دەكرێت، بەڵام زۆری نەخایاندو سیاسەتمەدارانی عێراقی و ئێران و ئەكتەرە خراپەكانی دیكە پرۆسەكەیان تێكدا”. تۆڕێك لە كۆمپانیاكان بەڵگەنامە ساختەكان و دۆلاری ساختە دۆخەكەیان تێكدا، داهاتی عێراق كەمیكرد، لە كاتێكدا ملیۆنان دۆلار گواسترایەوە بۆ هەژمارەكەی عێراق “داهات ناڕوونە”.