ئاژانسەكان: دەوڵەتی توركیا بەدەم لێقەوماوانەوە ناچێت



 

دەستەی كارەسات و فریاكەوتنی توركیا (ئافاد) ڕایگەیاند، تا ئێستا 13 هەزار و 740 كارمەندی گەڕان و فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەكانی بوومەلەرزەكە كراون، بەڵام ئاستی زیانەكانی زۆر گەورەیە و نزیكەی شەش هەزار باڵەخانە لە باشووری توركیا خاپوور بوون.

فەخرەدین كۆجا، وەزیری تەندروستی توركیاش ڕایگەیاند، تەنها لە شاری هاتای زیاتر لە هەزار و 200 باڵەخانە وێران بوون.

تیمەكانی فریاگوزاری لە پارێزگاكە گلەییان لە كەمی ئامێرەكان كردووە، هاوكات خەڵك لەسەر ڕێگاكان ئۆتۆمبێلەكانیان ڕاگرتووە و داوای هەر كەرەستە و ئامێرێك دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن داروپەردووە ڕووخاوەكان لابدەن و زیدوماوان رزگار بكەن.

پیاوێك كە لە ئەنقەرەوە هاتبوو بەرەو شاری هاتای، دوای ئەوەی توانی بە تەنیا ژنێك لە داروپەردووی باڵەخانەیەك رزگاربكات، دەڵێت “كارمەندی فریاگوزاری لێ نییە، سەربازی لێ نییە. كەسی لێ نییە. بەداخەوە ئێرە شوێنێكی پشتگوێخراوە”. ئەو پیاوە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت.

ڕەنگە قەبارەی بەرفراوانی بومەلەرزەكە و ئاكامە كارەساتبارەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی سەرسام كردبێت، لەبەرئەوەی بومەلەرزەیەكی گەورەی كتوپڕ بوو، هاوكات ئامادەكاری بۆ نەكرابوو. لەكاتێكدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، 13 ملیۆن كەس لە كۆی 85 ملیۆن كەسی وڵاتەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری ئەو بومەلەرزەیەیان لەسەر بووە و باری نائاسایی لە 10 پارێزگادا ڕاگەیاند بە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ئەو كارەساتە.

بەپێی زانیارییەكانی نێوەندی بوومەلەرزەی ئەمریكا بوومەلەرزەكە كە بە گوڕی 7.8 بووە لەسەر پێوانەی ڕێختەر و بە كوشندەترین بوومەلەرزە لە توركیا لە ساڵی 1999ەوە هەژمارە دەكرێت، بە هەزاران باڵەخانەی ڕووخاندووەو هەروەها نەخۆشخانە و قوتابخانەكان وێران بوون و دەیان هەزار كەسیش بریندار بوون یان بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لە شاری غازی عەنتاب ژنێك بە گریانەوە لە بەر باراندا دانیشتبوو بە نائومێدییەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “هاوار دەكەین بەڵام كەس نایەت بە فریادمانەوە، ئێمە وێران بووین، خوایە گیان چی بكەین هانا بۆ كوێ بەرین، ئەوان هاوار دەكەن. دەڵێن ڕزگارمان بكەن بەڵام ناتوانین ڕزگاریان بكەین، چۆن ڕزگاریان بكەین؟ لە بەیانییەوە كەس نەگەشتووەتە ئێرە رزگاریان بكات.”

شاری هاتای توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ باكووری ڕۆژئاوای سووریا، زۆرترین زیانی بەركەوتووە و لانیكەم 872 كەس تا ئێستا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هاوكات دانیشتووان گلەیی لە وەڵامدانەوەی فریاگوزاری ناتەواوی حكومەت دەكەن و كارمەندانی فریاگوزاریش ڕایانگەیاندووە كە كێشەیان هەبووە بۆ بەدەستهێنانی ئامێر و پێداویستی بۆ رزگاركردنی زیندووماوان.

یەكێك لە قوربانی بومەلەرزەكە لە شاری مەڵاتیا بە ناوی مورات ئەلیناك دەڵێت “ئەگەر ئەمە پارێزگای بینگۆل بووایە، ئەم بینایە هەڵدەكەنرا. تەنانەت یەك كەسیش لێرە نییە. ئێمە لە ژێر بەفردا ماوینەتەوە، بێ ماڵین، هیچ شتێك نەماوە. رێگەمان بدەن با خۆمان تەرمەكان دەربهێنینەوە. نازانم خۆم بكوژم یان نا چی بكەم بۆ كوێ بچم؟ خودایە تۆ بۆ ئەم كارەساتەت بەسەر هێناین.”

سەرچاوە/voa

هاتووچۆی هەولێر داوایەك لە شۆفێران دەكات
پێت هاتووچۆی هەولێر داوایەك لە شۆفێران دەكات
واشنتۆن پۆست: سیاسییەكانی عێراق دۆلار لە گەلەكەیان دەدزن
دوات واشنتۆن پۆست: سیاسییەكانی عێراق دۆلار لە گەلەكەیان دەدزن
پەیوەندیدر