یۆنان سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە و ڕۆژنامەنووسێكی كورد ڕادەستی دەوڵەتی توركیا دەكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، محەمەد سەید دەمیر بەڕێوەبەری پێشووی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن دادگای سزا قورسەكانی ئامەدەوە بە بیانوی ‘ئەندامێتی لە پەكەكە ٦ ساڵ و ٨ مانگ سزای بەسەردا سەپێندرابوو.
دەمیر دوای بڕیاری دەستگیركردن بۆی لەلایەن دادگای ئامادەوە لەگەڵ خانەوادەكەی ڕووی لە یۆنان كردبوو، بەڵام دەمیر و خانەوادەكەی لەلایەن یۆنانەوە ڕادەستی توركیا كرانەوە.
محەمەد سەیید دەمیر و دایكی بە ناوی فەریدە دەمیر دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە رادەستكرانەوە، لەلایەن هێزەكانی توركیاوە دەستگیركران.
پۆلیسی توركیا فەریدە دەمیری ئازادكرد و سەید دەمیریش بە بیانووی ئەوەی قەدەغەی چوونە دەرەوەی پێشێل كردووە، لەلایەن ١٠مین دادگای سزا قورسەكانی ئامەدەوە بۆ زیندان گواسترایەوە، لە ئێستادا لە زیندانی پیتی ئێفی ئەدێرنەیە.
لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەنووس موراد ڤەریم، كە بە تۆمەتی یارمەتیدانی پەكەكە لەشاری مێردینی باكووری كوردستان بە ٤ ساڵ زیندانیكردن سزادرابوو، وەك پەنابەر ڕووی لە یۆنان كردبوو، بەڵام یۆنان ڕادەستی دەوڵەتی توركیای كرد و زیندانیكرا.
ڤەریم جارێكی دیكە لەسەر سنووری توركیا دەستگیركرا و بە پاساوی ئەوەی بڕیاری زیندانیكردنی هەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتی توركیاوە ڕەوانەی زیندانی جۆری ئێف لە ئەدێرنە كرا.