دوای دەستگیركردنی چەند بازرگانێكی ئاڵوگۆڕێ دۆلار، بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار گەیشتە 166 هەزار دینار، بەڵام دوانیوەڕۆ دابەزیوەتەوە بۆ 164 هەزار دینار.
هاوكات بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا 100 دۆلار بە 160 هەزار دینار لە هاووڵاتییان كڕدراوە و فرۆشتنیش بە 162 هەزار دینارە.
ئەم دابەزینەی بەهای دۆلار دوای ئەوە دێت، كە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لەمیانی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی ساڵیادی كوژرانی محەمەد باقڕ حەكیم لە بەغدا ڕایگەیاند، نرخی دۆلار بەم زووانە دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی و لەگەڵ بانكی ناوەندی چەندین ڕێكاری دیكە دەگرنەبەر.
دوابەدوای ئەو وتانە، هێزێكی دژەتیرۆری عێراق و ئاسایشی ئابووری هەڵیان كوتایە سەر هەردوو بۆرسەی كیفاح و حارسیە لە بەغدا و چەند بازرگان و خاوەن كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دۆلاریان دەستگیر كرد، كە پارەیەكی زۆری دۆلاریان كۆكردبووەوە و ئامادەنەبوون بیفرۆشن و مامەڵەی پێوە بكەن بۆ ئەوەی قۆرخكاری بكەن بۆ گران كردنی نرخەكەی.