توركيا دوای شكستی لە هێرشی سەر ڕۆژئاوا و بێهیوابوونی لەئەسەد پەنا بۆ ئێران دەبات
توركیا بە دوای هەلێكدا دەگەڕێت گورزێك لەڕۆژئاوای كوردستان و كورد بوەشێنێت لە پێش هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی بە ئامانجی سەرنجڕاكێشانی دەنگدەرانی توركیا، دوای شكستهێنانی لە هێرشی زەمینی سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی ڕێگرییەكانی ڕووسیا و ئەمریكاوە هانای بۆ ئەسەد برد، لەوێش بەهۆی ڕازینەبوونی بەشار ئەسەد بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان شكستیهێنا، ئێستا دیسان دەستی بە هەڕەشەكردن كردووەتەوە، ئەمجارە خوازیارە لە ڕێگای ئێرانەوە گورزێك بوەشێنێت، داوا لە تاران دەكات پێكەوە شەڕی پەكەكە و یەپەگە بكەن.
مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، ڕایگەیاند “پێویست ناكات بە ئاڕاستەكردنی چەند وڵاتێك، لەبارەی عێراقەوە هەنگاو بنێین، ئەگەر كێشەیەك لە عێراق هەبێت ئەوە كێشەی ئێمەیە، كێشەی ئێران و سووریا كێشەی ئێمەیە، سووكایەتییە بە ئێمە كاتێك وڵاتێك لە ڕۆژئاوا و لێرە و لەوێوە دێن و دەیانەوێت فەرمان دەربكەن و كۆمان بكەنەوە”.
مەولود چاوشئۆغڵو، دەڵێت “توركیا و ئێران وڵاتانێكن كە ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە، وەكو توركیا، ڕێوشوینی پێویست بۆ لەناوبردنی هەڕەشەكانی پەكەكە دەگرینەبەر، هەنگاوی پێویست دەنێین، بەداخەوە، لەلای ئێرانیشەوە پەكەكە بوونی هەیە، لەم بارەیەشدا وەزارەتی ناوخۆمان، یەكە ئەمنییەكانمان، هەواڵگرییەكانمان زانیاری پێویستیان گەیاندووە و دەبێت ڕووبەڕووی پەكەكە ببینەوە”.
دەشڵێت “ئەوەندەی بۆ ئێمە بێمانایە كە بچین و هەوڵی بەیەكگەیشتنی دوو وڵاتی ڕۆژئاوا بدەین، ئەوەندەش ڕاست نییە بۆ وڵاتێكی دیكە بێت بۆ ئێرە و هەوڵ بدات دەربارەی عێراق كۆمانبكاتەوە یان بەكارهێنانی دەستەواژەی ‘كۆمانكردنەوە’ بە ڕاست نابینین، لە ڕاستیدا ئێمە وەكو توركیا ئەوە بۆ خۆمان قبووڵ ناكەین”.
ئاماژە بەوەش دەكات “ئامانجی یەپەگە و پەكەكە لە سووریا دیارە، بە پاڵپشتیی هەندێك وڵات ئامانجی دابەشكردنی سووریایە واتا دامەزراندنی دەوڵەتێكە، بوونی پەكەكە لە ڕۆژئاوای فوڕات و باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە لە زیادبوون، ئێمە ئەمانە دەكەینە ئامانج، لە باكووری عێراقیشدا یەپەگە و پەكەكە بە شێوەیەكی فراوان بوونیان هەیە و ئەم دۆخە بۆ ئێرانیش هەڕەشەیەكی جددیە”.
هاوكات فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە ڕایگەیاند “ئێمە هەڕەشەكانی توركیا بە جددی وەردەگرین، پێشبینی دەكەین لە مانگی شوباتدا هێرش بكرێتە سەر شارۆچكەی كۆبانێ”.
مەزڵووم كۆبانێ بۆ ماڵپەڕی مۆنیتەر ڕایگەیاند، توركیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستی كۆبكاتەوە و پێدەچێت پێیوابێت جارێكی دیكە بە هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوا دەتوانێت خزمەت بەم مەبەستە بكات.
كۆبانێ دەشڵێت “ئێمە هیچ جۆرە هەڕەشەیەك لە دژی توركیا و گەلەكەی و سنوورەكانی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە دروست ناكەین. من چەندین جار لە چاوپێكەوتنەكانی پێشووم لەگەڵ ئێوەدا ڕامگەیاندووە كە ئێمەی كوردی سووریا، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر دەمانەوێت پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ توركیادا هەبێت. ئێمە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێ لە سووریا هیچ كاتێك لە ناوخۆی سنوورەكانمانەوە هێرشمان نەكردووەتە سەر توركیا و تەنها لە كاتی هێرشی توركیا و هەمیشە تەنها لە سنوورەكانی سووریادا لە بەرگریمانكردووە، ئێمە هیچ نیازێكی دوژمنكارانەمان بەرامبەر توركیا نییە، چ ئێستا و چ لە داهاتوودا”.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد “لە گۆڕەپانی سەربازی و دیپلۆماسیدا دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ توركیا هەبوو”.
پێشتریش ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا ڕایگەیاند ئەگەری هێرشی سەر باكووری سووریا هەمیشەوە كراوەیە، پەیوەستە بە ئاستی مەترسییەكانەوە.