دوابەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان، پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ئاشكرای دەكات، سێ خوێندكارە یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵاى هەرێم دەگرێتەوە.
دز بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دامەزراندنی سێ خوێندكارە یەكەمەكان، خوێندكارانی ناو هەرێم دەگرێتەوە، كە لە زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان تەواویان كردووە و ۹٦ ناوی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان ( دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆر)ایان پێگەشتووە بۆ دامەزراندن.
ڕوونیشی كردەوە، بۆ جاری دووەم سەردانی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی فیدراڵیمان كرد بۆ بابەتی دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنەكە (مەحمود تەمیمی) كۆبووینەوە لەبارەی دامەزراندنی سێ خوێندكارە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكانی هەرێم لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق.
ڕاشیگەیاند، ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی فیدراڵی نووسراوی كردووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ئەوانیش بۆ خوێندنی باڵای هەرێم و وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم ناوەكانی ناردۆتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ناوەكان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی و كارەكانیان تەواو ببێت.
جەختیشی كردەوە، بەردەوام دەبین لە چاودێری كردنی ئەم دۆسییە تا دەگاتە ئەنجام.