ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ناوی كەنداوی عەرەبی دەستدرێژییە بۆسەر مافەكانی ئێران، ڕەتیشیدەكاتەوە پەیوەندی وڵاتەكەی بەو هۆیەوە لەگەڵ عیراقدا گۆڕانكاریی بەسەردا بێت.
تۆڕی “ئێران فرونت بیج” لە زاری كەنعانییەوە بڵاویكردەوە:”وەزارەتی دەرەوەی ئێران نامەی ناڕەزایی گەیاندۆتە حكومەتی عیراق سەبارەت بە ناوی جامی كەنداوی عەرەبی و لێدوانەكانی محەمەد شیاع سودانی لەو بارەیەوە”.
بە وتەی ناسر كەنعانی:”ناوە مێژووییەكەی كەنداو ناكرێت بە ناوێكی ساختە بگۆڕدرێت”، وەك ئاماژەیەك بۆ كەنداوی عەرەبی و وتی:”پەیوەندی نێوان ئێران و عیراقيش لە سەرو لێدوانی هەندێك كەسایەتی و دامەزراوەوەیە و لە مێژوو و شارستانیدا ڕەگی داكوتاوە و ناكرێت بە هیچ شێوەیەك كاریگەریی لەسەر دروستبكرێت”.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕێگری خستبووەڕوو بەرامبەر بە ناونانی پاڵەوانێتی كەنداوی عەرەبی 25 كە لەئێستادا لە بەسرە بەڕێوەدەچێت و ڕایگەیاندبوو”بەكارهێنانی ناوی كەنداوی عەرەبی، دەستدرێژییە بۆسەر مافەكانيان”.