عێراق لەنێو جەنگی ئەمریكا و ئێراندا دەكوڵێت



 

عێراق لە لێواری دابەشبوونێكی مەترسیداردایە

لەگەرمەی تووندبوونەوەی ململانێكانی ئەمریكا و ئێراندا تا دێت ڕەوشی ناوخۆی عێراق و ناكۆكی و ململانێكان تووندتر دەبنەوە، عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە دابەشبوونێكی مەترسیداردایە، دابەشبوونێك سەرانسەری عێراقی گرتووەتەوە، بەجۆرێكە ئەگەر دەوڵەتانی خاوەن هەژموون بەسەر وڵاتەكەوە فریانەكەون، ڕەنگە كۆتاییەكەی بگاتە شەڕ و پێكدادانی نێوخۆیی.

 

هەرێم بەرەو دوو ئیدارەیی تەواو

لە هەرێمی كوردستان لە دوای شەڕی ناوخۆوە بۆ یەكەمجار ناكۆكییەكانی نێوان دوو پارتی سەرەكی فەڕمانڕەوا لە نێو حكومەتی هەرێمی كوردستان “پارتی و یەكێتی” گەیشتووەتە ئاستی بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراو لە دژی یەكدی، بەجۆرێك یەكدی بە قۆرخكاری دەسەڵات و دارایی و ئابووری، خراپی ئیدارەدان و ئاستی خزمەتگوزاییەكان، كردەی تیرۆرستی تۆمەتبار دەكەن، تەنانەت یەكدی بە دەستتێكەڵكردن لەگەڵ دەوڵەتانیش تۆمەتبار دەكەن.

شەوی ڕابردوو برێت مەكگۆرك نوێنەری كۆشكی سپی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا كۆبووەتەوە و لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیشدا كۆدەبێتەوە.

بەشێك لەسەردانەكەی مەكگۆك پەیوەندی بە قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتییەوە هەیە.

دابەشبوونەكان تەنها لەنێوان یەكێتی و پارتیشدا قەتیس نەبوون، بەڵكو لەنێو هەر یەكێك لە ئەو دوو پارتەشدا ناكۆكی ناوخۆیی هەیە، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی لە نێو یەكێتیدا كێشە ناوخۆییەكان بەربڵاوترن.

شرۆڤەكاران هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی ئەو ناكۆكییانە، كە كاردانەوەی خراپی بۆ سەر پێگەی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە و ڕەوشی ناوخۆ دەبێت، بەجۆرێك دووئیدارەیی بە تەواوی دەركەوتووە و كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی حكومەت و خزمەتگووزارییەكان دروستكردووە، مەترسیش هەیە دووبارە ناكۆكییەكان پەل بۆ شەڕ و پێكدادانی چەكداریش بهاوێژن.

شیعەكان دووچاری چەند دابەشبوونێك بوون

شیعە مەزهەبەكانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 وە دابەشی دوو بەرە بوون، بەرەی ئێرانییەكان كە خۆی لە مالیكی و گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی دەبینێتەوە كە ئێستا كابینەیان پێكهێناوە، بەرەی بەرامبەریش ڕەوتی سەدرە، كە نزیكە لە كەنداو و ئەمریكاوە.

بەرەی ئێرانییەكان ئێستا لەنێوخۆیاندا دابەشبوون، بە دوو ئاڕاستە، دابەشبوونێك لەنێوان نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی ڕێبەری گرووپی چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەقدایە، ئەوە زیاتر شەڕی پێگە و دەسەڵاتە.

ئاڕاستەیەكی دیكەی دابەشبوونەكە، كە تازە سەريهەڵداوە، لەنێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و سەركردەكانی دیكەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەت گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدایە، ئەوەش دوای لێدوانەكەی سوودانی بۆ ڕۆژنامەیەكی ئەمریكایی زەقتربووەتەوە، كە تێیدا خوازیاری خۆی بۆ مانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان لە عێراق بۆ شەڕی تیرۆر نیشان دا.

شیعەكانی نزیك لە ئێران خوازیاری چوونە دەرەوەی هێزە ئەمریكاییەكانن، ئەوە بە لای ئەوانەوە هێڵی سوورە، هەر كەسێك داوای مانەوەیان بكات، پێشتر لە سەردەمی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتیان ناچاركرد لە نێو پەرلەمانەوە داوای چوونە دەرەوەی هێزە ئەمریكاییەكان بكات.

بەڕای چاودێران ئەو لێدوانەی سوودانی خوێندنەوەی لۆژیكی ڕەوشی ئێستای عێراقە كە كابینەكەی لەنێوان ئێرانی و ئەمریكاییەكاندا گیری خواردووە، بەتایبەت لەسەر پرسی دۆلار، واشنتن گووشارێكی زۆری دروستكردووە و نرخی دۆلار ئەمڕۆ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە سەرووی 160 هەزار دینارە، ئەوەش ڕەنگە تووڕەیی سەدری نەیاری و جەماوەری بەدوادابێت و دواجار كابینەكە بگەیەنێتە لێواری ڕووخان.

هەرچی گرووپە چەكدارەكانیشن، ئەوان زیاتر جێبەجێكردنی خواستەكانی تارانیان لەلاگرنگە نەك ڕەوشی عێراق، بۆیە شەڕی خۆیان درێژە پێدەدەن.

سووننەكان لەسەر پلە و پۆست شەڕیانە
سوونییەكانیش لە عێراق ڕەوشیان لە كورد و شیعە باشتر نییە، ئەوان چەند ساڵێكە لەنێوخۆیاندا دابەشبوون، شەڕی ئەوان زیاتر شەڕی پلە و پۆستە، هەرچەند لەسەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ئەوان ئامانجی دیكەیان هەبوو.

ئێستا سووننەكان لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پێلێڕاكێشانی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان ناڕازین، بەشێكیان لە هەوڵی دوورخستنەوەیدان.

چاودێران لە ئەوبڕوایەدان لە ئێستادا پێویست دەكات ئێران و ئەمریكا كە دوو دەوڵەتی خاوەن هەمووژنن لە عێراق و بەشێك لە ناكۆكییەكانیش پەیوەندی بە شەڕەكانی ئەوانەوە هەیە، چارەسەرێك بۆ ڕەوشەكە بدۆزنەوە، بەپێچەوانەوە ڕەوشەكە بەرەو گرژی زیاتر دەڕوات، دواجار جگە لە زیانی عێراقییەكان، ئەمریكایی و ئێرانییەكانیش دووچاری زیان دەبنەوە، بۆیە ئێستا چاوەكان لەسەر سەردانەكەی مەكگۆركن كە شەوی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانیدا دووپات لە پێوەندیی و هاوكاری نێوان دوو وڵاتەكە كرایەوە.

ساردترین شاری جیهان بناسە
پێت ساردترین شاری جیهان بناسە
مەكگۆرگ لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە
دوات مەكگۆرگ لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە
پەیوەنیدر