سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و نێردراوی سەرۆكی ئەمریكا، برێت مەكگۆرك كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، شەوی ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و نێردراوی سەرۆكی ئەمریكا، برێت مەكگۆرك كردووە كە بە یاوەری شاندێكی باڵای وڵاتەكەی، لە هەرێمی كوردستانە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە نێردەی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە، ئامۆس هۆكستاین و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ئالینا ڕۆمانۆوسكی ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق، پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر-بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی یەكخستنی پێشمەرگە، تاوتوێ كراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە مەكگۆرك لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەردەوامیی پشتیوانیی ئەمریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و خواستی وڵاتەكەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و هەولێر و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتیش لە بواری وزە و پاراستنی ئاسایشی وزەدا، دووپاتكردووەتەوە.
لە بەرامبەر ئەمەشدا نێچیرڤان بارزانی، باسێكی وردی دەربارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان پێشكەش كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە لەگەڵ دامەزراندنی حكوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراق، دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە و لەمبارەیەوە هەرێمی كوردستان بۆ هەموو هاوكارییەك ئامادەیە.
هاوكات گرنگیی پێكەوەكاركردن بۆ پاراستنی سەقامگیری، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون، كە ژمارەیەك لە بەرپرسان و راوێژكارانی هەردوولا ئامادەی بوون.