لە قەزای تارسوس سەر بە پارێزگای مێرسین، پاسێك و بارهەڵگرێك بەریەككەوتن، بەپێی ئامارە بەراییەكان سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ كەسیش برینداربوون.
بەپێی زانیاری هاتوو، رووداوەكە لە ناوچەی داملاما لەسەر رێگای ئادانا-پۆزانتی روویداوە و تیایدا پاسەكە لە دواوە خۆی كێشاوە بە بارهەڵگرەكەدا.
دوای رووداوەكە پاسەكە ئاگری گرتووە.
دوای ئاگاداركردنەوەیان، تیمەكانی فریاگوزاری بەپەلەی تەندروستی، جەندرمە، ئافاد و ئاگركوژێنەوە رەوانەی ناوچەكە كران.
دوای گەیشتنیان، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە توانیان ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.
بەپێی ئامارە بەراییەكان لەو رووداوەدا، سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ كەسیش برینداربوون.
دوای وەرگرتنی فریاگوزاری سەرەتایی، بریندارەكان بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی ئادانا و تارسوس.
پارێزگاری مێرسین، عەلی حەمزە پەهلەوان سەردانی شوێنی رووداوەكەی كرد و زانیاری لەبارەوە وەرگرت.
هاوكات بەهۆی رووداوەكەوە، تیمەكان رێگاكەیان بەڕووی هاتووچۆدا داخست و لێكۆڵینەوەیان لەسەر پاسەكە و رووداوەكە كرد.
دواتر پاسەكە بە كرێن لە شوێنی رووداوەكە دوورخرایەوە.