مەشقی شەڕی نوێ و فراوانی هێزەكانی ئۆكرانیا لە ئەڵمانیا دەستپێكردووە و لە پێنج هەفتەی داهاتوودا مەشق و ڕاهێنان بە 500 سەربازی ئۆكراینی دەكرێت.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری مارك میلی، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا بڵاویكردەوە، مەشقی شەڕی نوێ و فراوانتر بۆ هێزەكانی ئۆكرانیا لە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووەوە لە ئەڵمانیا دەستیپێكردووە.
میلی ئاماژەی بەوەداوە، ئامانج لە و ڕاهێنانانە مەشقپێكردنی ٥٠٠ سەربازی ئۆكرانیایە بۆ بەرەكانی پێشەوە لە پێنج هەفتەی داهاتوودا.
باسی لە ئەوەشكردووە، ڕاهێنانەكە بۆ باشتركردنی توانای سەربازەكانی ئۆكراینە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ڕووسیا.
لە لایەكی دیكەوە، یەنس ستولتنبێرگ ، سكرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاندووە، هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی ڕووسیا ویستی ئاشتی هەبێت.
ئاماژەی بە ئەوەشكردووە، ئێستا قۆناغی جەنگی یەكلاكەرەوەیە، پڕچەككردنی ئۆكراین پێویستە بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتن، گەیاندنی هاوكارییە سەربازییەكانیش بۆ ئۆكراین ڕێگای گەیشتن بە ئاشتی خێراتر دەكات.