سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندى هەرێمى کوردستان ناچێتە بەغداد، لەبەر ئەوەی سێ داواکاریی حکومەتى عێراقیان جێبەجێ نەکردووە.
ئەو سەرچاوەیەى وەزارەتى دارایی عێراق بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق داواى لە شاندى هەرێمى کوردستان کردبوو، پێویستە تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى 12ـى ساڵى 2024 و لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەم بە سیستمى پەیرۆڵ لەگەڵ خۆیان ببەنە بەغداد و ناوى ئەو فەرمانبەرانەشى خانەنشینى دەیانگرێتەوە لە لیستەکەدا دیاریی بکرێت.
بە وتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی، شاندەکە هیچکام لەم داواکارییانەى وەزارەتى دارایی عێراقیان ئامادەنەکردبوو، بۆیە چوونى شاندەکە بۆ بەغداد دەکەوێتە کۆتایی ئەم هەفتەیە.
ئەوەشی وتووە، تیمى تەکنیکى وەزارەتى دارایی عێراق هێشتا لە هەرێمى کوردستانن و وردبینى لە سێ داواکارییەکەى وەزارەتەکەیان دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی هەرێمى کوردستان سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە و رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی خەرجکردنی مووچە لەساڵی 2025 بکەن و دواتر راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە ئاراستەی سودانی بکەن.