گوندێکی هەولێر وزەی خۆر لەبری کارەبا بەکاردەهێنن و دەڵێن: “یەک چرکەش نەکوژاوەتەوە”



زیاتر لە نیوەی ماڵەکانی گوندێکی نزیک هەولێر وزەی خۆر بەکاردەهێنن و ڕۆژانەش ژمارەی بەکارهێنەرانی وزەی خۆر لە گوندەکە لە زیادبووندایە و دانیشتووانەکەشی باس لە گرنگی بەکارهێنانی وزەی خۆر دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سێکتەری ئابووری، تەندروستی و ژینگە هەیە، هاوکات خاوەنی کۆمپانیایەکی وزەی خۆر ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی بەکارهێنانی وزەی خۆرەوە، دوانەئۆکسیدی کاربۆن کە گازێکی ژەهراویی و کوشندەیە، کەم بووەتەوە.

گوندی کەردز لە سنووری قەزای قوشتەپە لە باشووری هەولێر، نزیکەی ٨٥ ماڵی تێدایە و نزیکەی ٥٠ لەو ماڵانە سوود لە وزەی خۆر وەردەگرن و ڕۆژانەش بەکارهێنەرانی وزەی خۆر لە گوندەکە ڕوو لە زیادبوونە، جگە لە ماڵەکان چەند بیرێکی ئاوی گوندەکەش بە وزەی خۆر کار دەکات، ئەمەش کێشەی کەمئاویی بەهۆی کارەباوە لە وەرزی هاویندا چارەسەر کردووە.

دانیشتوویەکی گوندەکە کە ماوەی ساڵێکە وزەی خۆر بەکاردەهێنێت، ئاماژە بەوە دەکات کە لەمیانی ئەم ساڵەدا بەشێوەیەکی بەردەوام کارەبای هەبووە و، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پێشتر نەیاندەتوانی وەک پێویست سوود لە کارەبای مۆلیدە وەربگرن سەرەڕای تێچوویەکی زۆر و ماندووبوونێکی زۆرتر.

ڕزگار باییز دانیشتووی گوندی کەردز، لەبارەی بەکارهێنانی وزەی خۆر ڕایگەیاند: “ماوەی ساڵێک دەبێت وزەی خۆر بەکاردەهێنین، تێچووی سەرەتایی زۆرە بەڵام بە گشتی پاک و خاوێن و بێ خەرجییە، پێشتر سەرچاوەی کارەبامان، کارەبایی نیشتمانیی و مۆلیدە بوو، ئەوانیش تێچوویەکی زۆریان هەبوو سەرەڕای پیسکردنی ژینگە و شکستی مۆلیدەکان لەگەڵ ئەوەشدا بە گشتی ڕۆژانە دە کاتژمێر کەمتر کارەبامان هەبوو، هەر بۆیەش بڕیارماندا وزەی خۆر بەکاربهێنین”.

ڕزگار باییز گوتیشی: “بەرهەمی وزەی خۆر، کارەبایەکی بێ پچڕانە و بێ کێشەیە، لەماوەی یەک ساڵدا، یەک چرکەش نەکوژاوەتەوە، پێشتر بۆ مۆلیدەکان دەبوو گاز و ڕۆنی بەکاربهێنین و شکستیشی هەبوو، هەروەها دەبوو کارپێکەرێکی مۆلیدەش هەبێت، بەڵام وزەی خۆر هەموو ئەو کێشانەی لە کۆڵ کردووینەتەوە، هەروەها وزەی خۆر نە دەنگی هەیە نە دووکەڵ، بۆیەش لە کۆی ٨٥ ماڵی گوندەکەمان نیوەی زیاتر وزەی خۆر بەکاردەهێنێت و بەکارهێنەران ڕوو لە زیادبوونە”.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەش دەخاتەڕوو کە وەتەی وزەی خۆریان داناوە، تێچووی مانگانەی کارەبای نیشتمانیی تەواو کەم بووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێک لە جووتیارەکان بۆ بیرەکانی ئاو وزەی خۆر بەکاردەهێنن و ئەمەش کێشەی کەمئاویی بەهۆی کارەباوە چارەسەر کردووە.

لەمبارەیەوە ڕزگار باییز گوتی: “لەوەتەی وزەی خۆر بەکاردەهێنین، مانگانەی تەنیا پێنج هەزار دینار تێچووی کارەبای نیشتمانیمان بۆ هاتووەتەوە، چونکە بەکاری ناهێنین، هەروەها لەو گوندە چەند جووتیارێک وزەی خۆر بۆ بیرەکان بەکاردەهێنن بۆ بابەتی کشتوکاڵ، بۆنموونە یەکێک لە بیرەکان تەنیا تەختەی وزەی خۆری داناوە بەبێ پاتری، لەم حاڵەتەشدا بەڕۆژ بە بەردەوامی کارەبای هەیە و دوو ئینج و نیو ئاو بەرهەم دەهێنێت، ئەمە هیچ تێچوویەکی نیە لە کاتێکدا ئەگەر بە کارەبای نیشتمانیی ئەو بیرانە کار بکەن، هەر بیرێک ساڵانە بڕی سێ ملیۆن دینار تێچووی کیلۆواتی کارەبای بۆ دێتەوە”.

لەماوەی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە چەند بڕیارێکی دەکرد و، ئەم هاووڵاتییەش لەچوارچێوەی بڕیارەکە، پێشنیازێک ئاراستەی سەرۆک وەزیران دەکات بەوەی هەر کەسێک بەپێی خواستی، حکوومەت وزەی خۆری بۆ دابین بکات و تێچووەکەی بەشێوەی قیستی مانگانە لێ وەربگرێتەوە، لەمبارەیەوە گوتی: “لە گوندەکەی ئێمە، شەش جووتیار بە دیاریی وزەی خۆریان پێدرا لەلایەن حکوومەتەوە کە هەر کامێکیان نزیکەی ١٥٠ ئەمپێر کارەبا بەرهەم دەهێنێت ئەویش بۆ کارپێکردنی بیر و ئاودانی زەوییەکانیان بەکاری دەهێنن، بۆیەش پێشنیاز دەکەم سەرۆک وەزیرانی هەرێم پڕۆژەیەک ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی هەر کەس ویستی، ئەوا وەزارەتی کارەبا وزەی خۆری بۆ دابنێت و تێچووەکەیشی بەشێوەی قیستی مانگانە لێ وەربگرێتەوە، ئەمە کێشەیەکی زۆری هاووڵاتییان چارەسەر دەکات”.

هاووڵاتییەکی دیکەی گوندەکە کە ماوەی شەش مانگە وزەی خۆر بەکاردەهێنێت، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم کەلوپەلە کارەباییەکان بەبێ کێشە بەکاردەهێنێت و پێشنیازیش بۆ هاووڵاتییان دەکات کە تا زووە وزەی خۆر بەکاربهێنن.

فەرمان محەمەد حەسەن دانیشتوویەکی دیکەی گوندی کەردزە و لەبارەی بەکارهێنانی وزەی خۆرەوە گوتی: “ماوەی شەش مانگە وزەی خۆر بەکاردەهێنین، ئەم سیستەمە هیچ لایەنێکی نەرێنیی نیە، ئێمە پێشتر مۆلیدەمان هەبوو بە گاز و ڕوون کاری دەکرد کە ئەمە ژینگەیەکی پیس و پڕ دووکەڵی دروست کردبوو، بۆیەش بڕیارماندا وزەی خۆر بەکاربهێنین”.

فەرمان محەمەد گوتیشی: “کەمی و زیادی ئەمپێرەکان دەمێنێتەوە سەر کەسی بەکارهێنەر، بۆ نموونە ئێمە بۆ ڕۆژ ٢٠ ئەمپێر و بۆ شەو ١٠ ئەمپێرمان هەیە، بۆ بەکارخستنی سەرجەم کەلوپەلە کارەباییەکان سوودی لێ وەردەگرین، بۆیەش پێشنیازم ئەوەیە هەرچی بەکاری نەهێناوە بچێت بەکاری بهێنێت، چونکە بە تەواوی لە دەست بێ کارەبایی و کارەبای خراپ ڕزگار دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر پاک ڕاگرتنی ژینگە هەیە”.

خاوەن کۆمپانیایەکی وزەی خۆر، ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە خواست لەسەر بەکارهێنانی وزەی خۆر ڕوو لە زیادبوونە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە وەرزەکان هیچ جیاوازییەکیان نیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆرەوە، پێشبینیش دەکات کە لە ئایندەدا، ڕێژەی بەکارهێنەرانی وزەی خۆر بەرز دەبێتەوە.

لای خۆشیەوە لێزان خالد سابیر، خاوەنی کۆمپانیای ئاڕتیفیشەڵ، ڕایگەیاند: “ساڵ لە دوای ساڵ، وزەی خۆر خواستی زیاتر لەسەرە، بەتایبەت دوای کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠دا کە خواستەکە لە جیهاندا زیاد بووە، لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە ماڵ، کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان وزەی خۆر بەکاردەهێنن، بێگومان بەکارهێنانی وزەی خۆر کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری، تەندروستی و ژینگەییەوە هەیە”.

لێزان خالد سابیر گوتیشی: “بەهۆی زۆربوونی کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان لە جیهاندا، گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن زۆر ببوو کە گازێکی زیانبەخش و کوشندەیە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٢٠دا دەبینین ئەم گازە کەم بووەتەوە بەهۆی بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر، لە هەندێک لە وڵاتان جگە لە ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان، ئەوا بەنداوەکانیشیان کردووەتە وزەی خۆر، بەشێوەیەک بە ڕۆژ لە ڕێگای وزەی خۆر و بەشەو لە ڕێگای ئاو کارەبا دابین دەکات، ئەمانەش هەموو کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری و ژینگەوە هەیە”.

لەبارەی جیاوازی وەرزەکان بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر، لێزان خالد سابیر گوتی: “ڕەنگە تێگەیشتنێکی هەڵە هەبووبێت لەبارەی کاریگەری وەرزەکان لەسەر سیستەمی وزەی خۆر، بەڵام بە پێچەوانەوە وزەی خۆر لە هەموو وەرزەکان دەتوانێت بەباشی کار بکات و بارانبارین و بەفربارین کاریگەری نیە لەسەر شێوازی کارکردنی بەڵکو لەم وەرزەدا دەتوانێت بە باشتر کارەبا بەرهەمبهێنێت چونکە تەختەکان گەرم نابن و چالاکتر تیشک وەردەگرن”.

لێزان خالد سابیر گوتیشی: “یەکێک لەو شتانەی کە خەڵک لای ئاڵۆزە، بابەتی پاترییە، ئەویش ئێستا ئاسان بووە و سێ جۆر پاتری لە بازاڕەکاندا هەیە، پاتری وشک، تیوبلەر و لیسیۆم، جۆری یەکەم (پاتری وشک) بەهۆی گەرماوە زووتر دادەبەزێت، بەڵام پاتری تیوبلەر هەتا گەرمیی ٤٠ پلەی سیلیزی بەرگری دەکات و دەتوانێت کار بکات کە ئەمە خواستێکی زۆری لەسەرە، جۆری سێیەم کە پاتری لیسیۆمە تەمەنی دەگاتە ٢٥ ساڵ بەڵام وەبەرهێنەرەکان ناتوانن گەرەنتی ئەو ماوە زۆرە بدەن”.

وزەی خۆر کە بریتییە لە کرداری گۆڕینی تیشکی خۆر بۆ کارەبا لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند کەلوپەلێک وەک تەختەی وەرگرتنی وزەی خۆر، ئینڤێرتەر، ئامێری بارگاوییکردن، پێوەرەکانی خوێندنەوەی ڤۆڵت، پاتری، فیوز، سویچی داگیرسان و کوژانەوە.

لەم سیستەمەدا، چەند تەختەیەک لەسەر بانەکان لەتەک یەکترەوە ڕیز دەکرێن و بە بەکارهێنانی سیستەمی فۆتۆڤۆڵتایک (Photovoltaic) تیشکی خۆر دەگۆڕێت بۆ وزە، پاشان ئینڤێرتەرێک کە کارەبای ڕاستەوخۆ (DC) Direct current دەگۆڕێت بۆ کارەبای گۆڕاو (AC) Alternating current و بە پێچەوانەشەوە، دواتر لە ڕێگای وایەرەوە کارەباکە دەگەیەندرێتە کەلوپەلەکان.

وزەی خۆر سەرچاوەیەکی نوێبووەوەیە و هیچ دەردانێکی گازیی نییە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پاک ڕاگرتنی ژینگە هەیە، سەرەڕای ئەوەی بەکارهێنەر مانگانە هیچ بڕە پارەیەک نادات لەبەرامبەر بەکارهێنانی وزەی خۆردا، تەنیا تێچووی سەرەتایی دەدات و ساڵانە جارێک پشکنین بۆ سیستەمەکە دەکات.

ڕووسیا: ١٢١ هێرشی ئۆکراینامان تێكشکاند
پێت ڕووسیا: ١٢١ هێرشی ئۆکراینامان تێكشکاند
پێشبینی کەشناسی بۆ کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو
دوات پێشبینی کەشناسی بۆ کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو
پەیوەنیدر