بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ئەو فەرمانبەرانەی دوای پەسەندکردنی یاساکە خانەنشین دەبن 18 مووچە وەردەگرن.
میدیای پارتی لەزاری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بڵاویکردەوە، “لەنزیکەی هەفتەیەک بۆ 20 رۆژدا پارەکە بۆ ئەو کەسانە خەرجدەکرێت کە خانەنشین دەکرێن، لە دوای تەواوبوونی مامەڵەکان کە نزیکەی سێ مانگ دەخایێنێت، مووچەی مانگانەی خانەنشینی وەردەگرن”.
بەپێی یاسا نویکە ئەمساڵ سێ تەمەنی جیاواز خانەنشین دەکرێن، چونکە هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەیشتبوە 60 ساڵی خانەنشین دەکرێت جگە لە هەندێک توێژ کە لە 63 ساڵی و 65 ساڵی خانەنشین دەکرێن، بەو پییەی ساڵی پێشتر تەمەنی خانەنشینی لە هەرێم 63 ساڵی بوو.
لە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دیاریکراوە، هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت، 12 مووچەی تەواو وەردەگرێت وەک شایستەی خانەنشینی، واتە هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان کە بەو یاسایە خانەنشین دەکرێن، مووچەکەیان لەکاتی دەوامدا هەرچەند بێت، بەو بڕە 12 مووچە وەردەگرن، وە هەر فەرمانبەرێک لە ماوەی کارکردنی دا لەو مۆڵەتەی هەیەتی، 180 رۆژ مۆڵەتی نەکردبێت، ئەوا لەکاتی خانەنشینبوونیدا شەش مووچەی بنەڕەتی بەسەر یەکەوە وەردەگرێت.
“بەو پێیەش، هەر فەرمانبەرێک کە بەیاسای خانەنشینی یەکگرتوو خانەنشین 18 مووچە بەسەر یەکەوە وەردەگرێت کە 12مووچەیان گشتییە و شەش مووچەشیان بنەڕەتییە.” ئەمەش بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی.