شاندی ئیمرالیی دەم پارتی راگەیەندراوێکی سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆلای عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە و دەڵێت” ئەم قۆناغە بۆ هەموومان ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی دەڕەخسێنێت”
دوێنێ چوارشەممە22ـی کانوونی دووەمی 2025، هەریەک لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا، پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەردانی ئیمراڵیان کرد و بۆ جاری دووەم دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، کە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند.
بەپێی بڵاوکراوەی شاندی ئیمراڵی، ئۆجالان سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئاگرەکەی بۆڵوو ناردووە، پەیامێکی گشتگیریشی ناردووە، کەبەوتەی شاندی ئیمراڵی دوای تەواوبوونی ئامادەکاریی پەیوەندیدار بەم بابەتە، بەیاننامەی پێویست بۆ ڕای گشتیی کۆمەڵگا بڵاودەکرێتەوە.
ڕاگەیاندراوی شاندەکە سەبارەت بە کۆتا دیداریان:
“وەک لیژنەی ئیمرالیی دەم پارتی، لە ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە دوورگەی ئیمرالی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئۆجەلان سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو کەسانە کرد کە لە ئاگرە بە ئازارەکەی بۆڵوو گیانیان لەدەستدا و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
لیژنەکەمان زانیاریی پێویستی دەربارەی چاوپێکەوتنەکانمان بە بەڕێز ئۆجەلان دا.
تێکۆشانی ئۆجەلان بۆ ئەم قۆناغ بەردەوامە. دوای تەواوبوونی ئامادەکاریی پەیوەندیدار بەم بابەتە، بەیاننامەی پێویست بۆ ڕای گشتیی کۆمەڵگا بڵاودەکرێتەوە.
وەک لیژنە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و پەیوەندیەکانمان و هەر کاتێک پێشکەوتن ڕووبدات، ڕای گشتیی کۆمەڵگا ئاگادار دەکەینەوە.
ئەم قۆناغە بۆ هەموو کەس و بۆ هەموومان ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی دەڕەخسێنێت. بە هیوای بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، هیوای بەشداریی بەنرخ لە هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا دەکەین.”