ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 500 کەس بۆ هەڵەبجە دراوە و پارێزگاش دەڵێت، هیچ نووسراوێکمان بۆ نەهاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاوە عەلی، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “ئەنجومەنی ڕاژە پێی ڕاگەیاندین کە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی (دامەزراندنی) 500 فەرمانبەرەکەی کردووە و ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی پارێزگای هەڵەبجە کراوە”.
بەڵام دواتر دیوانی پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە کە هیچ نووسراوێکیان لەو بارەیەوە پی گەیشتبێت.
ڕاگەیەندراوەکەی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بەم شێوەیەیە: “سەبارەت بە گەڕانەوەی ناوی 500 میلاک بۆ دامەزراندن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، بە پێویستی دەزانین هەموولایەک ئاگاداربکەینەوە کە هیچ ناو و نووسراوێک لەسەر ئەم بابەتە ئاڕاستەی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە نەکراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئەگەری گەڕانەوەی ناوەکان لە ڕێگەی پەیجی فەرمی دیوانی پارێزگاوە بڵاوی دەکەنەوە.