بە گوژمەی ملیارێک و 645 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر-بەحركە دانرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، بەردی بناغەی گەورەپڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكیی هەولێر – بەحركە دانرا کە گوژمەی ملیارێک و 645 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، ئەویش پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر كە شەقامی 100مەتری لە قۆناغی یەكەم بە شەقامی 120مەتری دەبەستێتەوە، هەروەها قۆناغی دووەمیشی شەقامی 120مەتری بە شەقامی 150مەتری لە ڕێگەی بەحركە دەبەستێتەوە.
سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە گوتیشی: ئەو شەقامە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكان كە دانیشتووانی پایتەختی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بەكاری دەهێننن و كارئاسانییەكی زۆر بۆ جووڵە و هاتوچۆی خەڵك دەكات هەم لە شەقامی بازنەیی 150مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و هەم لە شەقامی بازنەیی 120 مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و بە پێچەوانەوە.
ساسان عەونی سەبارەت بە قۆناغەكانی پڕۆژەكەش، گوتی: ئەو پرۆژەیە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەمی زیاتر لە كیلۆمەترێك و نیوە و قۆناغی دووەمیشی چوار كیلۆمەتر و نیو زیاترە و گوژمەكەشی ( 1 ملیار و 645 ملیۆن دینارە) و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و لە چوارچێوەی بەردەوامی پرۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.