حكومەتی عێراق نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەنێرێت، كە تەنها بەشیی هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان دەكات و هەر بەرمیلێك بە نزیكەی 60 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان، كە لە ساڵی ڕابردووشدا بە هەمان نرخ درا بە هاووڵاتیان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە، یەکەم کاروانی نەوتی سپی لە وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدڕاڵەوە گەیشتە پاریزگای سلێمانی، پێشتر چەند کاروانێک گەیشتبووە پارێزگای دهۆک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی نەوتی عیراقی تەنیا ڕەزامەندیی لەسەر 19%ی پشکی هەرێم لە نەوتی سپی داوە و نەوتەکە سەرەتا بەسەر خێزانەکانی ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێت.
بەپێی بڕیاری عێراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوت ڕەوانەی هەرێم دەكرێت و بەرمیلی بە 50 هەزار دینار دەبێت، كە لەگەڵ كرێی گواستنەوە دەبێتە 60 هەزار دینار و دەدرێت بە هاووڵاتیان.
لای خۆشیەوە، كاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرای كرد، دەڵێت: بڕی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم هاتووە، لەو بڕە بە پێی نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارە ١٠٣٥ لە ٢/١/٢٠٢٥ بڕی ٥ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار لیتر بۆ پارێزگای هەڵەبجەیە و بۆ هەر لیترێک ٢٥٩ دینار بێ گواستنەوە (بەرمیلێک ٥٢ هەزار)، کە لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر کەمی هەیە بۆ ئەوەی هەموو خێزانەکان بەریان بکەوێت، کەواتە هەر خێزانێک زیاد لە ١٧٠ لیتریان بەردەکەوێت.
وتیشی، ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بە تایبەت ڕەزامەندی هەیە بۆ هەڵەبجە بەنوسراوی ٢٤٤٥٣٠٨ لە ١٥/١٢/٢٠٢٤ ی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەوەش بەشی هەموو خێزانەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات، واتە پێویستە لەم ساڵدا دوو جار نەوت بدرێت لە هەڵەبجە.