شارەزایانی بواری كەشناسی پێشبینی بۆ دۆخی كەشوهەوا و باران بارین لە ناوچەكانی هەرێم دەكەن و پێیان وایە، هێشتا لە چەند ناوچەیەك مەترسی وشكەساڵی هەیە.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، جێگیربوونەوەی پەستانی بەرز لەناوچەکە جارێکیتر وشکی کەش و بێ بارانی درێژ کردۆتەوە، لە بەشێکی زۆری ناوچە کۆێستانییەکان و باکووری گەرمیان باران بەڕادەی پێویست باریوە و مەترسییان لەسەر نییە.
ڕاشیگەیاند، بەشێکی ناوچەکانی ناوەڕاستی گەرمیان و هەموو ناوچەکانی باشووری گەرمیان و بەشێکی پارێزگای هەولێر و بەشێکی دهۆک مەترسی وشکەساڵییان لەسەرە، ئەم ناوچانە ئەگەر تاوەکو ( 15ی شوبات واتە مانگی 2 ) باران نەبارێت وشکەساڵی جۆری کشتوکاڵی ڕوودەدات.
دەشڵێت: ئەوەی تا ئێستا دیارە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە گۆڕانکارییەکان زۆرن و چەندین جار شەپۆلەکانی بارانبارین دروست بوون و دواتر تێکچوون و بەهیچ شێوەیەک جێگیرنین.
بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی، بەپێی هەموو نیشانەکان تا ئێستا ئەگەرەکانی دابارین بۆ مانگەکانی داهاتوو بەم شێوەیەن:
مانگی 2 / ڕێژەی باران تیایدا مامناوەندە.
مانگی 3 / ئەگەرهەیە زۆرباش بێت و بڕی باران تیایدا سەرو نۆرماڵ بێت.
مانگی 4 / باش دەبێت لەڕووی دابارینەوە.
مانگی 5 / تاوەکو نیوەی مانگەکە باش دەبێت.