بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزیری دارایی عێراق ژمارەیەك داواكاری ڕووبەڕووی شاندی هەرێم كردۆتەوە و سەرچاوەیەك دەڵێت: بە سێ مەرجی تەوتین و تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ مووچە ڕەوانە دەكرێت.
ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە “هەوڵ بۆ چارەسەری گرفتەكان دەدەین و مووچەی مانگی كانونی دووەمی 2025 (ئەم مانگە) دەنێرین، بەڵام ئێوەش پێویستە پابەندی داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی بن لە كاتی دیاریكراودا، هەروەها 50%ی داهات ڕەوانەی دامەزراوە فیدڕاڵییەكان بكەن”.
بە وتەی سەرچاوەكە، تەیف سامی داواشی لە شاندەكە كردووە، كە “پێویستە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بنێرن، دەستیش بكەن بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەران، هەر مووچەخۆرێكیش UPNی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەوانەش كە UPN و بایۆمەترییان نییە، مووچەیان پێنادرێت”.
لای خۆشیەوە، سامان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بۆ ماڵپەڕەكە وتویەتی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەرپرسیارن لە قەیرانی مووچە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ تەوتینی مووچە لە بانکەکانی عێراق”.
وتوشیەتی، “ئەو لێدوانانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەکەن نوێنەرایەتی لایەنێکی سیاسی دەکەن، کە دەیەوێت قەیرانەکە لاببات و شەقام هان بدات بۆ لابردنی لۆمە لەسەر خۆی، بەڵام ئێمە وەک هاووڵاتیانی کوردستان دەزانین کێ بەرپرسە لە پرسی مووچە و کێ بەرپرسیارێتی قەیرانەکە لە ئەستۆ دەگرێت، کە چارەسەر نابێت تەنها بە تەوتین نەبێت بەپێی بڕیاری دادگا”.
دوابەدوای كۆبوونەوەی رابردووی هەردوو شاندی هەرێم و عێراق لە بەغدا، وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كرا و هەردوولا هاوڕابوون، كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی، كە ساڵی رابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو، گفتوگۆی لەبارەوە كرا”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوامبێت و ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت”.
مانگی 1ی 2025 بەرەو كۆتایی دەڕوات، بەڵام هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو و مانگی 1ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و چاوەڕێی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەت دەكەن.