کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و یەكەم پڕۆژە یاسا، كە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعسی بوو هەڵوەشاندنەوە و بەهۆیەوە هەزاران دۆنم زەوی لە سنووری ماددەی 140 دەگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەكانیان، كە كورد و توركمانن.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدانە بە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە، تایبەت بە کەمکردنەوەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی و چەند پڕۆژە یاسایەكی دیكە.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعسی هەڵوەشاوەی پەسەندکرد و بەمەش هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیاری کورد ئەگەرێتەوە کەلای عەرەبی تەعریبە”.
دەشڵێت: پیرۆزە لەهەموو جووتیارانی زوڵم لێکراوی کورد لە کەرکوک و خانەقین و خورماتو و مەندەڵی و دەشتی نەینەوا”.
لای خۆشیەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ٥٠ ساڵ لەداگیرکاری و ٢٠ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس پرۆژە یاسای گەرانەوەی زەوییەکان دەنگی لەسەر درا.
وتیشی، “دەركردنی ئەو یاسایە بە ئامانج گرتنی كەس نییە و تەنها گێڕانەوەی ئەو مافەیە بۆ خاوەنەكانیان، كە چەندین ساڵە زەوت كراوە.
هاوكات، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی وتی، “خاك دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەكانیان.
وتیشی، ئەو مافەمان بۆ دەگەڕێتەوە، كە 50 ساڵە لێمان زەوت كراوە.
هاوكات هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، یاسای لێبوردی گشتی (كە سوننە داوای دەكرد) و هەمواری یاسای باری كەسێتی (كە شیعە داوای دەكرد) پەسەند كران.