ئامادەکارییەکانی تیمی هاوبەشی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی هەردوولا دەستپێدەکات کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا بڕیار لەبارەی کێشە داراییەکانەوە بدرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەمڕۆ سێشەممە، تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم دەستبەکاردەبن بۆ ئامادەکاری کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا.
بڕیارە کۆبوونەوەکە یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت و تێیدا دەربارەی ئەرک و پابەندییەکانی هەرێم و بەغدا لەمساڵدا گفتوگۆ دەکەن و بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت.
دوێنێش بەسەرپەرشتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە “لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا”.
ئەوەشخرایەڕوو کە داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.