مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووريی جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاری لەپێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 – 24 /1 بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە مەسرور بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات ، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.
ڕوونیشیکردەوە کە لە (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس، کە ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداريی ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێکدەخات، بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی میدیا و زانیاریدا هاتووە: “بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا”.