سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، خۆڕاگری و ئارامگری خەڵكی غەززە چۆكی بەو پیلان و گەلەكۆمە نێودەوڵەتییانەدا كە دژیان بەرپاكرابوو هێنا، دەشڵێت: “دەستكەوتی حەماس و خەڵكی غەززە زۆر زیاترە لە ئیسرائیلی داگیرکەر”.
بەپێی ڕاگەیەندراوی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەمڕۆ دووشەممە، مەڵبەندی سلێمانی ئەو حزبە، بە بەشداری سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی حزبەکە و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و بەشێك لە ئەندامانی یەكگرتوو، مەڕاسیمێكی لە شاری سلێمانی سازكرد، بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل ساز کرد.
لە مەڕاسیمەكەدا سەلاحەدین بەهادین ڕایگەیاند: سەركەوتنی موسوڵمانانی شاری غەززە وانەی كرداری گرنگی تیادایە بۆ تەواوی موسوڵمانان لە سەرتاسەری جیهاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد كە “خۆڕاگری و ئارامگری خەڵكی غەززە چۆكی بەو پیلان و گەلەكۆمە نێودەوڵەتییانەدا كە دژیان بەرپاكرابوو هێنا”.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، “دەستكەوتی بزووتنەوەی حەماس و خەڵكی غەززە زۆر زیاترە لە ئیسرائیلی داگیركەر، چونكە پاراستنی بیروباوەڕ و گیانی بەرگری و فیداكاری گرنگترە لە پاراستنی باڵەخانە و ڕێگاوبان، لەبەرئەوەی شار و وڵات دەكرێت جارێكی دیكە بونیاد بنرێتەوە، بەڵام قەرەبووكردنەوەی شكستی بیروباوەڕ كارێكی زەحمەت و گرانە.
باسی لەوەشکرد: “بەرهەمی داگیركاری ئیسرائیل تەنها شەهیدكردنی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی مەدەنی بووە كە ئەوانیش بەپلەی شەهیدی گەیشتوون و جێگەی شانازین بو خۆیان و ئێمەش”.