مەزڵوم عەبدی: تورکیا دەیەوێت لەناومان ببات



فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامانجی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت”داوام لێکرد بەتورکیا بڵێت هێرشەکانی بۆسەرمان ڕاگرێت”.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەچاوپێکەوتنێکی میدیایدا لەگەڵ کەناڵی ئەل عەرەبیە رایگەیاند، ئێمە چاوەڕێی زامنکردنی مافی کورد لە سووریا دەکەین و ئەوەش بە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ لایەنەکوردییەکانی ناو سووریا و دەرەوەی سووریا دەبێت، هەر بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی مەعسعود بارزانی سەرۆکی پارتیم کرد، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی سووریا لەلایەن ئەوانەوە پاڵپشتی دەکرێت، و بارزانی دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت لە یەکخستنی ڕیزی کورد و یەکدەنگی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد.

ئاماژەی بەوەشدا، لەکۆبوونەوەکەدا داوام لە مەسعود بارزانی کرد هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆسەرمان لە بەنداوی تشرین بەکاربهێنێت، چونکە ئاشکرایە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ تورکیا هەیە.

عەبدی ڕاشیگەیاند، ئێمە هیچکات هێرشمان نەکردۆتە سەر تورکیا و بەردەوام ئەوانن هێرش دەکەن و ئیمەش تەنها بەرگری دەکەین، بۆیە ئەوەی کەباس لە هەڕەشە بۆ ئاسایشی تورکیا دەکات ڕاست نییە، و تورکیا بەو بیانووەوە دەیەوێت لەناومان ببات و کورد نەبێتە هیچ لە سووریای نوێ، وەک چۆن پێشتر لە هەموو مافێک زەوت کرابوو، تورکیا دەیەوێت بەو بیانووەوە بەرژەوەندی زیاتر لە سووریا بەدەستبهێنێت و کوردەکان نەهێڵێت.

وتیشی، دەمانەوێت لە سووریای نوێ مافی کورد لە دەستووردا بچەسپێت، وەک خاوەندارێتی ناسنامە و ڕەگەزنامەی سووری، چونکە پێشتر ئەو مافەیان نەبوو و تەنها ناسنامەیەکیان بۆ دروست دەکراو لێی دەنوسرا عەرەبی سووری، ئێمە عەرەب نین و کوردین، دەبێت لە دەستووردا مافمان هەبێت و زمانی کوردی بەفەرمی بناسرێت و خوێندنی کوردی بەفەرمی رابگەیەندرێت، بۆ ئەمەش بە ڕاشکاوی لەگەڵ ئەحمەد شەرع گفتوگۆمان کردووە و داواکانمان پی گەیاندووە.

جەختیشیکردەوە، ئێمە وەک هەسەدە نە ئێستا و نە لەڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئێران نییە و لە داهاتووش نامانبێت، تەنانەت ئەگەر داواشمان لێبکرێت پەیوەندی درووست ناکەین، چونکە ئێران لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خودی کێشەبووە لە سووریا نەک چارەسەر بەتایبەت بۆ دۆزی کورد، و ئامادەی هیچ جۆرە پەیوەندییەک نین.

مەزڵوم عەبدی لەبارەی دەنگۆی هاوکاری سەربازی لەلایەن ئێرانەوە بۆ هەسەدە ڕایگەیاند، ئێمە هەرگیز هیچ هاوکارییەکمان لەلایەن ئێرانەوە پی نەدراوە و وەریشمان نەگرتووە و ناگرین، ئێمە زۆرینەی چەک و تەقەمەنییەکانمان خۆمان دروستیان دەکەین، بەتایبەت ئەو چەک و درۆنانەی کە درۆنە گەورە و پێشکەوتووەکانی تورکیای پێ دەخەینە خوارەوە و تا ئێستا نزیکەی 6 دانەمان خستۆتە خوارەوە.

لە کۆبوونەوەم لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەوڵماندا باوەر بەیەکبهێنین سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکان و ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە، ئێمە دەبینە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا نەک ئەو هێزەی ئێستا هەیە، ئێمە چەک دانانێین، هێزەکانمان مەشق و ڕاهێنانیان کردووە، ژمارەمان زۆرە و ڕاهێنراون، چەندین پێکهاتەی سەربازی و ڕێکخراومان هەیە، ئێمە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرامبەر داعش جەنگاوین و تێکمانشکانوون، بۆیە بەهیچ جۆرێک باس لەو دەنگۆیە ناکەین و ڕێگەش بەوە نادەین.

جەختیشیکردەوە، پێش هەمووشتێک دەبێت بە دیالۆگ گرفتی چەک و گرووپە چەکدارەکان چارەسەر بکرێت، و هەر ڕێگایەک جگە لە دیالۆگ و رێککەوتن سەر بۆ گرفتی گەورە و کێشەی گەورە لە سووریا دروستدەکات، و ئێمە دەمانەوێت هەموو کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین نەک بەشەڕ، و ئێمە پێشنیاری دروستکردنی تیمێکی سەربازی هاوبەشمان کردووە لەگەڵ شەرع بۆ پێداچوونەوە و گرنگیدان بە خاڵەهاوبەشەکانی نێوانیمان بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بۆسووپای نوێ بدۆزینەوە و لەنێویشیاندا هێزەکانی هەسەدە جێگا بکرێتەوە.

مەزڵوم عەبدی: تورکیا دەیەوێت لەناومان ببات
پت مەزڵوم عەبدی: تورکیا دەیەوێت لەناومان ببات
شاندی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
دوات شاندی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
پەیوەنیدر