وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان داوادەکەن سەرجەم خاڵەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق جێبەجێبکرێت و ئەوانەی خانەنشین دەبن بە پلەبەرزکردنەوەوە خانەنشین ببن.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جیبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو هەنگاوێکی باشە و ئێمەی خانەنشینان لەهەرێم دڵخۆشین بەو بڕیارە، ئەگەر یاساکەی عێراق بە تەواوەتی لە هەرێم جێبەجێبکرێت ئەوکات فەرمانبەران خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن.
ڕاشیگەیاند، جێبەجێکردنی یاسا نوێکە پێویستی بە چەند هەنگاوێک هەیە بەتایبەت پێویستە دەرگای دامەزراندن بکرێتەوە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، چونکە بە هۆی نەبوونی هەلی کارەوە گەنجانی هەرێم کۆچیان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە.
سادق عوسمان وتیشی، دەبێت پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و سەرەمووچە کە لە ساڵی 2013ەوە راگیراوە دەستپێبکاتەوە، چونکە لە ئێستادا فەرمانبەران بە مووچەی ساڵی 2013 خانەنشین دەکرێن و ئەوەش ستەمێکی گەورەیە لێیان دەکرێت.
وتیشی، خانەنشینان لە عێڕاق کاتێ خانەنشین دەبن مووچەی ساڵێکیان پێ دەدرێت بە تەواوی دەرماڵەکانەوە، بەڵام لە هەرێم مووچەی شەش مانگی بنەڕەتییان پێ دەدرێت، کە خۆی ئەوەی هەرێم دەیکات وەک شایستە نییە، بەڵکو ئەوە لە عێراق بریتییە لە پارەی 180 ڕۆژی وەرنەگرتنی مۆڵەت، کە فەرمانبەرێک بە درێژایی ماوەی خزمەتی لە فەرمانگەکان هەیەتی و ئەوکاتەی مۆڵەت وەرناگرێت لە خانەنشینبوندا بۆیان خەرجدەکرێت، بەڵام لە هەرێم وەک پاداشت دەدرێت بە خانەنشینان و ئەمەش پێجەوانەی یاسایە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، تەوتینی خانەنشینان پێویستە و لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگا دەبێت بی تانە و بێ هیچ پاساوێک جێبەجێبکرێت، بەڵام دەبێت خانەنشتینان و مووچەخۆران ئازادبن لە هەڵبژاردنی هەر بانکێک و پابەند نەکرێن بە هەڵبژاردنی چەند بانکێک بۆیان.