بانکی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ یەک شەممە، تایبەتمەندییە ئەمنییە نوێیەکانی بۆ جۆرەكانی دینار، كە لە بازاڕدان ئاشکرا دەکات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی، ئەمە جگە لە کۆمپانیا و بانکە بازرگانییەکان، کە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دراوانەدا دەکەن.
بانکی ناوەندی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم تایبەتمەندییە ئەمنییەكانی دراو باشترکراوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی دراوی نیشتمانی لە ساختەکردن، هەروەها تایبەتمەندی بەرزکراوە خراوەتە ڕوو بۆ ئەوەی ئەوانەی چاویان لااوازە بتوانن بە دەست لێدان بڕی پارەی دراوەکان دەستنیشان بکەن.
لە چوارچێوەی هۆشیاریدا، بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە، کە خەڵک کاتێکی تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ دراوە نوێیەکان بگونجێنن، جەختی لەسەر گرنگی هاوبەشکردنی ئەم زانیاریانە لەگەڵ کەسانی دیکەدا کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەمووان ئاگاداری تایبەتمەندییە ئەمنییەکان بن.
بانکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجە سەرەکییەکان بریتین لە پاراستنی سەقامگیریی نرخە ناوخۆییەکان، دەستەبەرکردنی سیستمێکی دارایی سەقامگیر لەسەر بنەمای بازاڕێکی کێبڕکێ، هەروەها پێشخستنی گەشەی بەردەوام و هەلی کار و خۆشگوزەرانی لە عێراقدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دراوە نوێیەکان شانبەشانی کۆنەکان بەردەوام دەبن لە مامەڵە پێوەكردن و دراوی کۆن لە مامەڵەكردن ناكشێنرێنەوە.
دەشڵێت، دراوی عێراقی لە بەرزترین ستانداردی ئەمنی بەهرەمەندە، بەو پێیەی لە ئاڵۆزترین کاغەزەکاندایە لەڕووی نیشانە ئەمنییەکانەوە، هەروەها لە باشترین جۆری کاغەز دروست دەکرێن، کە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و ئاسایش بەکاردەهێنرێن.
بانکەکە جەختی لەوە کردەوە، کە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردن، هەڵگرتن یان گواستنەوەی دراوی ساختە تاوانێکە کە بە یاسا سزا دەدرێت، داواش لە هاووڵاتیان دەکات هەر دراوێکی ساختە ڕادەستی پۆلیس یان بانکی ناوەندی عێراق بکەن.
بارەگای بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە بەغدای پایتەخت و سێ لقی هەیە لە شارەکانی بەسرە و موسڵ و هەولێر لە هەرێمی کوردستان.