خانەنشینیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كۆتایی بە مامەڵەی خانەنشینی بە 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەت هاتووە و دەشڵێت: “ئێستا بۆ خانەنشینی دەبێت 50 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەت، یان 45 ساڵ تەمەن و 25 ساڵ خزمەت هەبێت”.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و بڕیاری بۆ دەرچووە، ئەوەی تەمەنی 60 ساڵ بێت ئەوا خانەنشین دەكرێت، تەنیا هەندێك حاڵەتی كەم نەبێت، كە رێگەیان پێ دراوە زیاتر خزمەت بكەن”.
باسی لەوەشکرد: “بۆ خانەنشینیی ئارەزوومەندانە، 15ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەن كاری پێ ناكرێت، بەڵكو دەبێت فەرمانبەر تەمەنی 50 ساڵ بێت و خزمەتی لە 15ساڵ كەمتر نەبێت، یان دەبێت 45 ساڵ تەمەن و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت”.
سەرچاوەکەی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر فەرمانبەرێك 15 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنی هەبێت، ئەوە بە زۆرەملێ خانەنشین دەكرێت.
سەرچاوەكەی فەرمانگەی خانەنشین روونیشی كردەوە: “سەدان دۆسیەی داواكاریی خانەنشینیی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی لە پۆلیس و ناوخۆمان بۆ هاتبوو، كە ئەوانە 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتیان هەبوو، داوایان كردبوو خانەنشین بكرێن، بەڵام ئەو دۆسییانە رەتكرانەوە و گەڕێندرانەوە بۆ فەرمانگەكانی خۆیان و خانەنشینی نایانگرێتەوە”.
باسی لەوەشكرد: “هەیە 45 ساڵ تەمەن و 24 ساڵ و هەشت مانگ خزمەتی هەیە، مامەڵەكەی بۆ ناكرێت، دەبێت 25 ساڵ تەواو بكات، ئەوە یاسای خانەنشینی عێراقە و دەبێت جێبەجێی بكەین، هەركەسێكیش لەدوای مانگی 7ی 2024، بەدەر لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق خانەنشین كرابێت، ئەوە مامەڵەكانی هەڵدەوەشێندرێتەوە و دەبێت پاداشتی خانەشینیش بگەڕێنێتەوە و پێویستە بگەرێتەوە سەر كاری خۆی، تا خزمەت و تەمەنی دەگاتە خانەنشینی”.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی ئاشكرا كرد: “بەپێی یاسای خانەشینیی یەكگرتوو، فەرمانبەرێك 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوە سەرەڕای مووچەی مانگانەی خانەنشینی، پاداشتی كۆتایی خزمەتیشی پێ دەدرێت، كە بریتییە لە 12 مووچەی تەواو بە مووچەی بنەڕەتی و سەرجەم دەرماڵەكانی، لەكاتێكدا بەپێی یاسای كۆن تەنیا شەش مووچەی پێ دەدرا”.
لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە 3ی تەمووزی 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، مووچەكانیان هاوتای حکوومەتی فیدراڵ بكرێت.
سەرچاوەكەی فەرمانگەی خانەنشینی ئەوەی دووپات كردەوە، لە عێراق فەرمانبەر لە تەمەنی 60 ساڵی خانەنشین دەكرێـت، بەڵام بەپێی یاسای كۆنی خانەشینی لە هەرێمی كوردستان، تاوەكوو پێش مانگی 7ی ساڵی 2024 لە تەمەنی 63 ساڵی خانەنشین دەكرا، گوتیشی: “ئەگەر یاسای خانەنشینی، كە لە پەرلەمانی عێراقە هەموار بكرێتەوە و تەمەنی خانەنشینی بكرێتەوە 63 ساڵ، ئەو كات لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێتەوە 63 ساڵ”.
سەرچاوەكەی فەرمانگەی خانەنشینی باسی لەوەش كرد، بەهۆی نەخۆشی، فەرمانبەر هەرتەمەن و خزمەتێكی هەبێت خانەنشین دەكرێت، وتیشی: “مەرجی خانەنشینی بۆ نەخۆشی ئەوەیە، كە دەبێت دوو راپۆرتی پزیشكی بیسەلمێنێن، كە فەرمانبەرەكە ناتوانێت خزمەت بكات و دەبێت خانەنشین بكرێت”.