وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 350 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لە چوارچێوەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی، پرۆژەی دروستكردنی تۆڕێكی ئاوەڕۆ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت.
باسی لەوەشکردووە: گوژمەی پڕۆژەكە 350 ملیۆن و 483 هەزار و 500 دینارە كە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دابینكراوە، پێكهاتووە لە دروستكردنی تۆڕێكی ئاوەڕۆ بۆ شەقام و کۆڵانەکانی جیاکراوەی 10ی قەرەتۆغان لە قۆناغی سێیەم.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و ئێستا چەندین پرۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەكەدا لە قۆناغی جێبەجێكردندان.